پارێزگاری دهۆک لەبارەی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ: خەم و چارەنووسی هەموو کوردان یەکە

د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە نێو خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆدا
د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە نێو خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆدا

K24 - هەولێر

بە بەشداری دەیان هەزار کەس خۆپیشاندانێکی بەرفراوان لە شاری دهۆک بۆ ناڕەزایەتیی دەبڕین لە دژی بڕیارەکانی ئەم دواییەی حکومەتی عێراق بەڕێوەچوو. پارێزگاری دهۆک دەڵێت، خۆپیشاندەران داوای جێبەجێکردنی دەستوور و رەوانەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە.

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، 5ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 10:00؛ هاووڵاتییانی قەزاکانی ئاکرێ، بەردەڕەش، سێمێل، ئامێدی، شێخان و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ خۆپیشاندانێکی بەرفراونیان لە پارکی نەورۆزی شاری دهۆک، بۆ هاوسۆزدی دەربڕین بۆ کەسوکاری شەهید و بریندارانی رووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکووک و، ناڕازیەتیی دەربڕین لە بەرامبەر ڕەوانەنەکردنی شایستە داریییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا و جێبەجێنەکردنی رێککەوتنەکان کرد.  

 د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک لە لێدوانێکدا بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دواکارییەکانی خەڵکی دهۆک زۆر روون بوون؛ جێبەجێکردنی ئەو ماددانەی دەستووری عێراق کە پەیوەندییان بە کوردەوە هەیە، بەتایبەت ماددەی 140، ڕەوانەکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، جێبەجێکردنی رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، چونکە بە گوێرەی رێککەوتنەکە، هەرێمی کوردستان هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی رادەستی بەغدا کردوون، بەڵام عێراقە رێککەوتنەکانی جێبەجێ نەکردووە".

 

 

بە گوتەی د. عەلی تەتەر، "خەڵکی دهۆک ناڕەزایەتیی خۆی بەرامبەر ئەو هێز و لایەنانە دەربڕی کە دەیانەوێت ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییانەی نێوان ئایین و نەتەوە جیاوازەکانی عێراق هەیە تێکبدەن، چونکە ئێمە دەزانین هەندێک پلانی گوماناوی لە بەغدا هەیە و هەوڵدەدرێت قەوارەی هەرێمی کوردستان نەهێڵرێت یان لاواز بکرێت".

 

خۆپیشاندەرانی دهۆک وێنەی هەر چوار شەهیدەکەی رووداوەکانی کەرکووکیان بڵاوکردووەتەوە
خۆپیشاندەرانی دهۆک وێنەی هەر چوار شەهیدەکەی رووداوەکانی کەرکووکیان بڵاوکردووەتەوە

 

ئامانجێکی دیکەی خۆپیشاندانەکە وەکو ئەوەی عەلی تەتەر باسی کرد، "دەربڕینی هاوسوزی بوو بۆ خەڵکی ستەملێکراوی کەرکووک و ئەو دەستدرێژییەی لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا کرایە سەریان". جەختیشی لەوە کردەوە، "خەم و کێشەی خەڵکی دهۆک و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان یەک کێشەیە و چارەنووسی هەموومان یەکە".

ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 05:00 ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کرد. 

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندارن.

 

 

پارێزگاری دهۆک دەڵێت: "هەر لە رۆژی یەکەمی رووداوەکانی 2ـی ئەیلوولی کەركووک؛ خەڵکی هەرێمی کوردستان بە گشتی و بەتایبەت خەڵکی دهۆک پشتیوانی، هاوسوزی و هاوخەمی خۆی بۆ خۆپیشاندەرانی کەرکووک دەربڕی. ئەمڕۆش لە نێو خۆپیشانەکەدا جارێکی دیکە خۆپیشاندەران وەکو هاوخەمییەک وێنەی شەهیدانی کەرکووکیان بەرزکردە".

 

 

لەبارەی ژمارەی ئەو هاووڵاتییانەی بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد؛ د. عەلی تەتەر گوتی: "تا ئێستا نازانم چەند کەس بەشداری کردووە و ئاماری وردمان لانییە؛ بەڵام ئەوەی بزانم بێجگە لە پارکی نەورزۆ، شەقامەکانی دەوروبەری پارکەکەش هەمووی پڕببوون لە خۆپیشاندەر. گرنگ ئەوەیە خۆپیشاندەران دواکارییەکانی خۆیان، کە دەستووری، یاسایی و ئاشتییانە بوون ئاراستەی حکومەتی عێراقیان کرد و هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بڕیارەکانی بەغدا دەربڕی".  

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، پارێزگاری دهۆک سوپاسی ئەو هاووڵاتییانەی کرد کە لە ناوچە جیاوازەکانی پارێزگای دهۆک و هەرێمی کوردستانەوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکەدا کرد و، هەروەها سوپاسی هێزە ئەمنییەکانی کرد کە ئەمنییەتی خۆپیشاندانەکەیان پاراست.