پۆلیسی دهۆک: رێگری لە هیچ کەناڵێک نەکراوە رووماڵی خۆپیشاندانەکەی دهۆک بکات

هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک
هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک

K24 – دهۆک:

گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک رایگەیاند، بۆ رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی هاووڵاتییانی دهۆک، رێگری لە هیچ کەناڵێکی راگەیاندن نەکراوە.

رۆژی سێشەممە (5ـی ئەیلوولی 2023) هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە کوردستان24ـی راگەیاند، پۆلیس وەک دەزگایەکی حکومی کە ئەرکی پاراستنی هاووڵاتییانە، لە خۆپیشاندان و گردبوونەوەکاندا لایەنگری هیچ لایەنێک ناکەن بەڵکو ئەرکیان پاراستنی بەشداربووانی ئەو چالاکییانە دەبێت.

هێمن سلێمان ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ رووماڵکردنی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی دھۆک رێگری لە هیچ کەناڵێک نەکراوە و هیچ کەناڵێکی راگەیاندنیش هێلی سوور نییە، بەڵکو ئەو کەناڵانەی خۆیان نایانەوێت رووماڵی بابەتێکی وەک خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی دهۆک بکات، خەتایەکە دەخاتە ئەستۆی پۆلیس.

گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، هەموو کەناڵ و دەزگا راگەیاندنەکان ئەمڕۆ ئازادبوون لە گواستنەوەی دەنگی هاووڵاتییانی دهۆک کە داوای مافی خۆیان دەکرد، بۆیە بە هیچ شێوەیەک رێگرییان نەکردووە لەوەی کەناڵێک دەنگی هاووڵاتییان و فەرمانبەرانی دهۆک بگەیەنێتە هەموولایەک.

هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک گوتیشی، ئەو کەناڵەی بانگەشەی ئەوە دەکات کە رێگری لێکراوە رووماڵی خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆی دهۆک بکات، بە هەموو شێوەیەک دوورە لە راستی و پۆلیسی دهۆک ئەمڕۆ ئەرکی پاراستنی هەموو بەشداربووانی خۆپیشاندانەکە بوو بە دەزگاکانی راگەیاندنیشەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە (5ـی ئەیلوولی 2023)، هەزاران هاووڵاتیی دهۆک لە دژی سیاستەکانی حکومەتی ئێستای عێراق بەرانبەر هەرێمی کوردستان و رەوانەنەکردنی شایستە دارییەکان و ئیدانەکردنی شەهیدکردنی چوار هاووڵاتی کورد لە خۆپیشاندانەکەی 2ـی ئەیلوولی 2023 لە کەرکووک، خۆپیشاندانێکی جەماوەرییان ئەنجامدا.