هاکان فیدان: ئامادەین لەگەڵ یۆنان بەبێ مەرجی پێشوەختە درێژە بە دیالۆگ بدەین

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یۆرگۆس یاراپێتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یۆرگۆس یاراپێتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان

K24 – هەولێر:

وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، "ئامادەین لەگەڵ یۆنانی دراوسێماندا بەبێ مەرجی پێشوەختە درێژە بە دیالۆگ بدەین و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لەهەموو بوارێکدا پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین".

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە ئەنقەرە پێشوازی لە یۆرگۆس یاراپێتریتیس، وەزیری دەرەوەی یۆنان کرد و دوای کۆبوونەوەی نێوانیان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا فیدان تەوەرەی گفتوگۆیەکەی نێوانیان ئاشکراکرد و گوتی: "ئامادەین لەگەڵ یۆنانی دراوسێماندا بەبێ مەرجی پێشوەختە درێژە بە دیالۆگ بدەین و ئامادەین لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش لەهەموو بوارێکدا پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین".

گوتیشی: "بە رێزگرتن لە ماف و بەرژەوەندییە دوولایەنەکان و لەسەر بنەمای مافە نێودەوڵەتییەکان، دەتوانین کێشەکانمان چارەسەر بکەین".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، ئاماژەی بەوەشکرد، کە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان بە شێوەیەکی گشتگیر باسیان لە کێشەکانی پەیوەست بە ئیجە و رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست کردووە و هاوکات گوتی: ''لە ئیجەدا بۆچوونی جیاوازمان هەیە، لە رابردووشدا لە کۆبوونەوە راوێژکارییەکانیشدا باسمان لەمانە دەکرد، وەستاوین لەسەر ئەوەی لە قۆناغی داهاتووشدا سەرلەنوێ دەست بە پرۆسەکە بکەینەوە، هاوڕایین لەسەر بەدیهێنانی هەوڵوێستی نوێ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

فیدان جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە بابەتی کۆچی نایاسایی بواری هاریکاری نێوانیان بێت نەوەک رکابەرایەتی و ناخوازێت لە ئیجەدا مردنی زیاتر ببینێت.

هەروەها وەزیری دەرەوەی تورکیا، باسی لەوەشکرد، کە کێشەکانی هاوخوێنەکانیان لە یۆنانیان وەک ماددەیەکی گرنگیی رۆژەڤ تاوتوێ کردووە.