زافر ئه‌لعانی: خۆزگه‌ دادگای فیدراڵی بڕیاری چۆڵكردنی ته‌واوی باڵه‌خانه‌ حكومییه‌كانی له‌ عێراق ده‌رده‌كرد

K24 - هەولێر:

زافر ئه‌لعانی، سیاسه‌تمه‌داری دیاری عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، خۆزگه‌ دادگای فیدراڵی بڕیاری چۆڵكردنی ته‌واوی باڵه‌خانه‌ حكومییه‌كان و كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌رده‌كرد، كه‌ حزبه‌ عێراقییه‌كان له‌ ته‌واوی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستیان به‌سه‌ر داگرتووه‌.

له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر، زافر ئه‌لعانی سیاسه‌تمه‌داری دیار و په‌رله‌مانتار له‌ خولی یه‌كه‌می ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، تایبه‌ت به‌ رێگریكردن له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی پارتی بۆ كه‌ركووك نووسیوویه‌تی: "سه‌باره‌ت به‌ بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق، تایبه‌ت به‌ راده‌ست نه‌كردنی باڵه‌خانه‌یه‌كی حكومه‌ت له‌ كه‌ركووك بۆ پارتی، تاكو كاری حزبایه‌تی تێدا ئه‌نجام بدات، خۆزگه‌ ئه‌و دادگایه‌ بڕیاری چۆڵكردنی ته‌واوی باڵه‌خانه‌ حكومییه‌كان و كۆشكه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی ده‌رده‌كرد، كه‌ حزبه‌ عێراقییه‌كان له‌ ته‌واوی ئه‌و وڵاته‌ ده‌ستیان به‌سه‌رداگرتووه‌".

پێشتریش دكتۆر یه‌حیا ئه‌لكوبه‌یسی توێژه‌ر و شرۆڤه‌كار سیاسی عێراقی، له‌ هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له‌ تویته‌ر نووسیبووی: "بڕیاره‌كه‌ی  دادگای ئیتیحادی عێراقی ئابڕووچوونێكی گه‌وره‌یه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆیدابوو".

دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا، رادەستکردنەوەی بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لە کەرکووک بە پارتی دیموکراتی کوردستان رابگیرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ چۆڵکردنی بارەگاکە و رادەستکردنەوەی بە پارتی تا کاتی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە رادەگیرێت.