وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاری خوێندنی فرەجۆری لە قۆناغی ئامادەیی هەڵدەوەشێنێتەوە

ژمارەیەک خوێندکاری ئامادەیی لەکاتی تاقیکردنەوە - وێنە: ئەرشیف
ژمارەیەک خوێندکاری ئامادەیی لەکاتی تاقیکردنەوە - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، لە ئەمساڵی خوێندنەوە بڕیاری راگرتنی خوێندنی فرەجۆری لە لقی زانستی قۆناغی ئامادەیی جێبەجێ دەکرێت و هەردوو لقی زانستی (زیندەیی و پراکتیکی) دەبێتە لقی زانستی و پرۆگرامەکانی خوێندنیش یەکدەخرێتەوە.

رۆژی سێشەممە (5ـی ئەیلوولی 2023) وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی خوێندنی (2023-2024) هەردوو لقی خوێندنی زیندەیی و پراکتیکی یەکدەخرێن و سیستمی خوێندن بۆ شێوازی پێشووی پەیڕەوکراو دەگۆڕدرێت.

بەگوێرەی نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردەی عێراق، ئەو خوێندکارانەی ساڵی رابردوو لە پۆلی شەشی ئامادەیی هەردوو لقەکە دەرنەچوون، ساڵی خوێندنی (2022-2023)ـیان بە نەکەوتوو بۆ هەژماردەکرێت و ساڵی نوێی خوێندن لە هەمان قۆناغی لقی زانستی بەردەوامی بە خوێندن دەدەن.

بەگوێرەی بڕیاری وەزارەتی پەروەردەی عێراق، رۆژی (1ـی تشرینی یەکەمی 2023) یەکەم رۆژی دەوام دەبێت لە گشت قۆناغەکانی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندنی سەر بە وەزارەتەکە.

ماوەی چەند ساڵێکە، وەزارەتی پەروەردەی عێراق، سیستمی فرەجۆری خوێندن لە قۆناغی ئامادەیی پەیڕەو دەکات، ئەویش هەستا بە دابەشکردنی لقی زانستی بۆ هەردوو لقی زیندەیی و پراکتیکی کە وەرگرتنی دەرچووانی هەردوو لقەکەش لە زانکۆکان بەپێی پسپۆرییەکان جیاکرابوونەوە.

ساڵی 2021، وەزارەتی پەروەردەی عێراق بڕیاریدا بەپێی ساڵەکانی خوێندن کۆتایی بە فرەجۆری خوێندن لە قۆناغی ئامادەیی بهێنێت کە ساڵی رابردوو (2022-2023)، دواساڵی خوێندن بوو لە هەردوو لقی زیندەیی و پراکتیکی لە قۆناغی ئامادەیی.

نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە
نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە