وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ئیدانەی توندوتیژییەکانی کەرکووک دەکات

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند، لە نزیکەوە چاودێری ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی شاری کەرکووک دەکەن و داوای کاراکردنەوەی ماددەی 140 و چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگەوە دەکات.

ئەمڕۆ سێشەممە (5ـی ئەیلوولی 2023)، ڤێدانت پاتێل، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی دۆخی کەرکووک هەڵوێستی وڵاتەکەی ئاشکراکرد و رایگەیاند، "ئیدانەی توندوتیژییەکانی ئەم دواییەی کەرکووک دەکەین و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی خۆپیشاندانەکەی شاری کەرکووک دەکەین".

ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 05:00 ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندارن.

هەروەها ڤێدانت پاتێل داوای لە لایەنەکان کرد کێشەکانیان لە رێگەی دیالۆگەوە چارەسەربکەن و بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانی کەرکووک، جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق کارابکرێتەوە.

لە کابینەکانی دیکەی حکومەتی عێراق، هەرێمی کوردستان بەردەوام جەختی لە جێبەجێکردنی ماددەی 140 کردووەتەوە، لەپێناو یەکلایی کردنەوەی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لەم کابینەی حکومەتی فیدراڵی جارێکی لیژنەیەک بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 پێکهێنراوە، بەڵام تائێستا هەنگاوی کردەیی بۆ جێبەجێکردنی نەنراوە

لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ئاماژەی بەوەدا، ئاگاداری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدان و لە رێگەی نێردەکانیان لە نزیکەوە چاودێری دەکەن.