بەریتانیا دەیەوێت وەک داعش و ئەلقاعیدە ڤاگنەریش بخاتە لیستی تیرۆرەوە

K24 - هەولێر:
میدیاکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، سویلا برەیڤەرمان وەزیری ناوخۆی بەریتانیا پرۆژەیاسایەکی ئامادەکردووە، کەتێیدا هاوشێوەی داعش و ئەلقاعیدە گرووپی ڤاگنەری نزیک لە رووسیاش دەچێتە لیستی گروپە تیرۆریستییە مەترسیدارەکانەوە.
بەپێی پلانەکەی وەزیری ناوخۆی بەریتانیا، ڤاگنەر بەیاسای رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و سەرجەم بانگەشە و چالاییەکی لە بەریتانیا قەدەغەدەکرێت و لەئەگەری دەستگیریکردنی ئەندامەکانیان بەپێی یاسای تیرۆر دادگای دەکرێن.
هۆکارە سەرەکی پرۆژەیاساکەش، ئەو تۆمەتانەیە دراونەتە پاڵ ڤاگنەر لەوانەش، کوشتنی هەڕەمەکی و ئەنجامدانی تاوانی دژە مرۆڤایەتی لە ئۆکرانیا و ئەفریقا.
ڤاگنەر، گرووپێکی سەربازی رووسیە کە پێشتر لەلایەن یەڤگینی پریگۆژینەوە دامزراوە و هەر خۆش سەرکردایەتی گرووپەکەی کردووە و لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، یارمەتی سوپای رووسیای دەدا.
دەگوترێت ئەو گرووپە بەشداری لە چالاکییە سەربازییەکان دەکات لە ژمارەیەک وڵات کە شایەتحاڵی ململانێ ناوخۆییەکانن، لە بەرامبەر دەستڕاگەیشتن بە سامانە سروشتییەکانیان، بۆ نموونە باس لەوە کرا کە ئەندامانی ئەو گرووپە پاسەوانی ئەو کێڵگە نەوتییانە دەکەن کە لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی سووریادایە، لە بەرامبەردا رێژەیەک لە داهاتی ئەو کێڵگەیە دەبات.
لە درەنگانی شەوی (23ـی حوزەیرانی 2023) سەرۆکی گرووپی ڤاگنەر جەنگی دژی سوپای رووسیا و حکومەتی مۆسکۆ راگەیاند و هێزەکانیان چوونە ناو شاری رۆستۆڤ لە سنووری رووسیا و تەواوی بنکە سەربازییەکانیان کۆنترۆڵکرد.
ئەو دۆخە نەگەیشتە 24 کاتژمێر و نووسینگهی سهرۆكی بێلارووس بڵاویكردهوه، گرووپی ڤاگنهر رازی بووه دۆخهكه له رووسیا هێوربكاتهوه و چالاكییه سهربازییهكانی بوهستێنێت ئەمەش لەسەر پێشنیازی ئهلێكساندهر لۆكاشینكۆی سەرۆکی ئەو وڵاتە بووە کە گرووپەکە پێشڕەوییەکانی بەرەو مۆسکۆ بوەستێنێت.
دوای نزیکەی دوو مانگ لە هەڵگەڕانەوەی ڤاگنەر، لە (23 ئابی 2023)، ئاژانسی ھەواڵیی تاسی رووسی بڵاویکردەوە، فڕۆکەیەکی تایبەت لە ھەرێمی تڤێری باشووری رووسیا کەوتووەتە خوارەوە، لە ئاکامدا یەڤگینی پریگۆژین و فەرماندەیەکی گرووپی ڤاگنەر کە لەگەڵ هەشت کەسی دیکە لەنێو فڕۆکەکەدا بوون، سەرجەمیان گیانیان لەدەستدا.