داداگایەکی ئەمەریکا سزای 22 ساڵی زیندانیکردنی بەسەر سەرۆکی گروپی پراود بۆیزدا سەپاند

ئینریکی تاریۆ
ئینریکی تاریۆ

K24 - هەولێر

دادگای ئەمەریکا سزای 22 ساڵ زیندانی بەسەر سەرۆکی پێشووی گرووپی راستڕەوی توندڕەوی گروپی "پڕاود بۆیز" ئینریکی تاریۆ سەپاند، ئەمەش توندترین سزایە کە تا ئێستا بۆ بەشداربوویەکی هێرشەکەی سەر بینای کاپیتوڵ بڕابێتەوە کە لە 6ـی یەنایەری 2021دا رووداوەکە روویدا.

دادوەر تیمۆتی کیلی لە واشنتن لە میانی دانیشتنێکی دادگادا گوتی: ئەو رۆژە نەریتی دامەزراوەکانی ئێمەی شکاند بۆ گواستنەوەی دەسەڵات بە ئاشتیانە.

داواکارانی گشتی داوای 33 ساڵ زیندانیکردنی تاریۆیان دەکرد، کە هەرچەندە لە 6ـی یەنایەری 2021 لە واشنتن نەبووە، بەڵام تۆمەتبارکرابوو بە ئاراستەکردنی هێرشەکە بۆ سەر کاپیتوڵ لەلایەن ئەندامانی گروپی "پڕاود بۆیز".

دادوەر تیمۆتی کیلی پێی وایە کە تاریۆی تەمەن 39 ساڵ "سەرکردەی سەرەکی ئەو پیلانگێڕییە بووە" کە ئامانج لێی رێگریکردن بوو لە هەڵبژاردنی جۆو بایدن وەک سەرۆک، دوای سەرکەوتنی بەسەر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنەکانی 2020دا.