ئەمەریکا هۆشداری تووند دەداتە کۆریای باکوور

K24 - هەولێر

بەئەگەری زۆرەوە کۆتایی ئەم مانگە ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا و کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور لەرووسیا کۆدەبنەوە. لەوبارەیەوە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا رایگەیاند، ناردنی هاوکاری سەربازی لەلایەن کۆریای باکوورەوە بۆ رووسیا، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی قورس لەسەر پیۆنگ یانگ دەکەوێت.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی کۆبوونەوەی چاوەڕوانکراوی سەرۆکی رووسیا و رێبەری کۆریای باکوور، زۆرینەی بەرپرسە باڵاکانی ئەمەریکای هێنایەسەرخەت و بەتێکڕا پەیامێکییان گەیاند، ئەویش ناردنی چەک لەلایەن پیۆنگ یانگەوە بۆ مۆسکۆ لەسەر کۆریای باکوور قورس دەکەوێت.

هەرچەندە کۆشکی کرملن یەکتربینینی ڤلادیمیر پوتن و کیم جۆنگ ئونی رەتنەکردووەتەوە، بەڵام زۆرینەی میدیا رۆژئاواییەکان جەخت لەوەدەکەنەوە، کۆتایی ئەم مانگە ئەو دوو سەرکردەیە لەناوچەیەکی دووری رۆژهەڵاتی رووسیا کۆدەبنەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەشیان ناردنی چەکی نوێیە لە پیۆنگ یانگەوە بۆ مۆسکۆ، بەتایبەتی تۆپهاوێژ و فیشەک, لەبەرامبەردا کۆریای باکوور خواردن و دانەوێڵەی لە رووسیا داوا دەکات.

لەو بارەیەوە جەیک سولیڤان راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا هۆشداریدا، هاوکاریکردنی رووسیا کاردانەوەی باشی لەسەر کۆریای باکوور نابێت و کیم جۆنگ ئون دەبێت باجی ئەو کارەی بدات.

لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا لەسەر زاری گوتەبێژەکەیەوە ئاماژەی بەوەدا، رووسیا پێویستی بە فیشەک و تۆپهاوێژە بۆیە دەیانەوێت لەگەڵ رێبەری کۆریای باکوور بگەنە رێککەوتن و چەکی زیاترە بەدەست بهێنن.

وەک میدیا رۆژئاواییەکان ئاماژەی پێدەدەن، کۆتای ئەم مانگە کیم جۆنگ ئون رێبەری کۆریای باکوور بە شەمەندەفەر دەچێتە ناوچەی ڤلادیڤۆستۆکی سیبریا و لەگەڵ ڤلادیمیر پوتن کۆدەبێتەوە، تا ئێستاش نە رووسیا و نە کۆریای باکوور ئەم دەنگۆیەیان رەتنەکردووەتەوە.