بەڕێوەبەری پێشووی سی ئای ئەی: پێویستە ئەمەریکا سزاکانی سەر رووسیا تووندتر بکات

K24 - هەولێر
بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا رایگەیاند، پێویستە ئەمریکا سزاکانی سەر رووسیا تووندتر بکات و رێکاری پێویست بۆ کۆنترۆڵی هەناردەی بگرێتەبەر و سزای ئەوانەش بدات چەک دەدەنە رووسیا.
دەیڤد پێترایۆس، بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمەریکا - سی ئای ئەی لەبارەی سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی ئەم مانگەی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور بۆ رووسیا و ئەگەری پێدانی چەک بەو وڵاتە دەڵێت، پێویستە پلانێکی هەموو چەشن و توندتر بگیرێتەبەر.
دەیڤد پێرایۆس گوتی: "رووسیا دەیەوێت ئەو چەک و سیستم و مایکرۆچیپانەی بەکاریهێناون قەرەبوو بکاتەوە، ئێمەش دەبێت هەوڵی زیاتر بدەین و دڵنیابینەوە بۆ کۆنترۆڵکردنی هەناردە و کاریگەربوونی ئەو سزایانەی بەسەر مۆسکۆدا سەپێنراون".
بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندیی ئەمەریکا دەشڵێت: "دەبێ سزا دارایی و ئابوورییەکان توندتر بکرێن و سزای ئەوانەش بدرێت سزاکان سووک یان پێشێلیان دەکەن".
دەیڤد پێترایۆس لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتیشی: "دەبێ پلانێکی هەمەچەشنمان هەبێت، لەلایەکەوە هاوکارییە سەربازی و مرۆییەکان زیاتر بکەین بۆ ئۆکرانیا لەلایەکی دیکەوە رێکار و سزاکان و کۆنترۆڵکردنی هەناردەی چەک و سەپاندنی سزا بەسەر ئەوانەی پێشێلی دەکەین تووندتر بکەین."