هیندستان ناوی خۆی گۆڕیوە بۆ بەهارات؟

K24 - هەولێر
سەرۆک وەزیرانی هیندستان ناریندرا مودی لەکاتی بانگێشتنامەی فەرمی بۆ لوتکەی گروپی 20G، دەستەواژەی بەهاراتی بەکارهێنا، ئەمەش موشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. "بەهارات" ناوی هیندە بە زمانی هیندی.
لە بانگهێشتنامەی ئێوارەخوانێکدا، کە بۆ سەرکردە بیانییەکان بەشدار بوو لە لوتکەکەدا نێردرابوو، تێیدا نوسرابوو سەرۆکی وڵاتی بەهارات.
زۆرێک لە وەزیرانی پارتی بەهاراتیا جاناتای فەرمانڕەوا پێشوازییان لەو هەنگاوە کرد.
ژمارەیەک لە وەزیرەکانی پارتی دەسەڵاتدار پێشوازییان لە هەنگاوەکە کرد، بەڵام سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن پرسیاریان لە ئامانجی ئەو ناوهێنانە کرد.
ئەم هەنگاوە لە نێوان ئەو راپۆرتانەدا دێت کە حکومەت بە فەرمی بیر لە گۆڕینی ناوی وڵاتەکە دەکاتەوە بۆ بەهارات، بەڵام تا ئێستا بە فەرمی پشتڕاست نەکراوەتەوە.
هەموو ماڵپەڕە فەرمییەکانی هیندستان هێشتا دەستەواژەی "حکومەتی هیندستان" بەکاردەهێنن و خاتوو مۆرمۆ هێشتا بە سەرۆکی هیندستان ناودەبرێت لە (ئێکس) تویتەر.
بەکارهێنانی ناوی بەهارات لە بانگهێشتنامەکەدا تەنها دوو رۆژ دوای لێدوانەکەی مۆهان باجوات، سەرۆکی راشترریا سوەیامسیڤاک سانگ، رێبەری ئایدۆلۆژی پارتی بەهاراتیا جاناتا هات، کە گوتی: دەبێت وڵاتەکە ناوی بەهارات بێت لەجیاتی هیندستان.
مۆهان باجوات ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک جار وشەی هیند بەکاردەهێنین بۆ ئەوەی ئەوانەی بە ئینگلیزی قسە دەکەن لێی تێبگەن. بەڵام پێویستە واز لە بەکارهێنانی ئەم وشەیە بهێنین، ناوی وڵاتی بەهارات لە هەر کوێیەکی جیهان بێت هەر بەوناوە دەمێنێتەوە.
وشەی بەهارات لە زمانی سانسکریتی کۆنی هیندییەوە هاتووە و لە وشەی بەهاراتام وەرگیراوە کە بە واتای "خاکی باشوور" دێت.
ئەم وشەیە بە ئاماژەکردن بە ناوی وڵاتەکە لە 26ـی کانوونی دووەمی 1950 لە ماوەی دامەزراندنی دەستووری ھیندستان دەرکەوت و ناوی فەرمی ھیندستان لەو کاتەدا بە بەهارات هەڵبژێردرا.
هەندێک لە لێکۆڵینەوە مێژووییەکانی هیندستان دەڵێن، ئەگەری ئەوە هەیە کە ناوی بەهارات مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئیمپراتۆر بەهاراتفارشا کە بە یەکەم دامەزرێنەری تەواوی نیمچە کیشوەری هیندستان ناسراوە.