عەبدولفەتاح سیسی: ئێران و تورکیا و میسر سنووریان بۆ رێژەی منداڵخستنەوە نییە

K24 - هەولێر:
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر داوایکرد، بۆ رێگریکردن لە روودانی کارەسات پێویستە دانیشتووانی جیهان رێژەی لەدایکبوون کۆنترۆڵ بکەن.
سەرۆک کۆماری میسر رایگەیاند، ئێران و تورکیا و میسر سنووریان بۆ رێژەی لەدایکبوون نییە، کە ئەمە لەداهاتوودا کارەسات دەخوڵقێنێت.
عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆک کۆماری میسر گوتی: ئێمە پێویستە رێژەی لەدایکبوون کەمبکەینەوە لەپێناو قەرەبووکردنەوەی شکستەکانمان لە مامەڵکردن لەگەڵ زیادبوونی رێژەی دانیشتووان.
بە گوتەی سەرۆک کۆماری میسر، پێویستە رێژەی لەدایکبوون ساڵانە لەمیسر 400 هەزار منداڵ تێپەڕ نەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئەمساڵ رێژەی دانیشتتوانی میسر گەیشتووەتە 112 ملیۆن و 716 هەزار کەس.
ئاماژەی بەوەشدا، ئێران و تورکیا هێشتا بۆ رێژەی دانیشتووان سنووریان دانەناوە، بەڵام چین لە ساڵی 1968 وە سنووری داناوە.
رێژەی دانیشتوانی تورکیا ئەمساڵ نزیکی 86 ملیۆن کەس بووەتەوە، هاوکات رێژەی دانیشتوانی ئێرانیش 89 ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
عەبدولفەتاح سیسی دانی بەوەدانا کە لەدایکبوونی منداڵ ئازادییە، بەڵام گوتیشی: ئەگەر ئەم ئازادییە کۆنترۆڵ نەکەین کارەسات بەسەر وڵاتەکانمان دێت.