یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بەلاغێکی گرنگ بڵاوده‌كاته‌وه‌

K24 - هەولێر

یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان کۆبوونەوەی فراوانی خۆی ئەنجام دا و بەلاغێکی گرنگی بڵاوکردەوە.

ئه‌مرۆ 6ـی 9ـی 2023، به‌سه‌رپه‌رشتی د. عەبدوڵڵا مه‌لا وه‌یسی، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایان و مامۆستا مه‌لا جه‌لال خه‌یلانی جێگری سه‌رۆك؛  كۆبوونه‌وه‌ی فراوانی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان به‌ به‌شداری ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركرایه‌تی و به‌رپرسی سه‌رجه‌م لقه‌كانی یه‌كێتی زانایان له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو.

یەکێتییەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا: كۆبوونه‌وه‌كه‌ وێڕای باسکردنی ئامادەکارییەکان بۆ ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی زانایان و تاوتوێی چه‌ند پرسێكی ئایینی و پیشه‌یی، تیشكی خسته‌ سه‌ر دوا پێشهاته‌ هه‌نووكه‌ییه‌كان له‌دۆخی ناوخۆی هه‌رێم و پرسی گوزەرانی خەڵک و بابەتی بودجه‌ و موچه ‌و مافی هاووڵاتیان و كێشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی شاری كه‌ركووك و رۆڵ و خزمه‌تی زانایانی ئایینی و پرسی دامەزراندنی خۆبه‌خشان، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ هاوهه‌ڵوێستی و كاری پێكه‌وه‌یی له‌چوارچێوه‌یی به‌رپرسیارێتی ئایینی و پیشه‌یی كرایه‌وه‌ و، بۆ به‌رچاوڕوونی رای گشتی و لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار چه‌ند خاڵێك به‌ گرنگ دەزانێت.

كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ بەلاغێکی تایبه‌ت هه‌ڵوێست و دیدگای خۆی له‌هه‌مبه‌ر دۆخی ئێستا به‌م شێوه‌یه‌ خستەڕوو:

به‌ناوی خوای به‌خشنده‌ی میهره‌بان

زانایانی ئایینی قه‌درگران

موسڵمانانی به‌رێزی كوردستان

له‌روانگه‌ی هه‌ست كردنمان به‌ به‌رپرسیارێتی ئایینی و پیشه‌یی و سه‌قامگیری كیان و كۆمه‌ڵگه‌و به‌ره‌و پێشبردنی ره‌وشی ئایینی له‌ هه‌رێمی كوردستان، یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان بە بەلاغێک کۆتایی بە کۆبوونەوەی خۆی هێناو ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ی خوارەوە به‌ گرنگ ده‌زانێت:

یه‌كه‌م: گه‌لی كورد له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ستی موسڵمانێتی خۆیدا هه‌میشه‌ رێزگرتن له‌ رێڕه‌وی گه‌وره‌ زانایان به‌لایه‌وه‌ گرنگ بووه‌ و، بە سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزی لایه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی لێی روانیوە، بەردەوامیش هه‌وڵ و خزمه‌ته‌كانی مه‌لای كورد به‌رهه‌مدارو له‌ گه‌شه‌و پێشكه‌وتن خۆی بینیوه‌ته‌وه‌و نه‌كه‌وتۆته‌ ژێر باری فه‌وزای دروستكراوو ناکۆکی و ململانێی نا تەندروستەوە.

دووه‌م: یه‌كێتی زانایان له‌ گوزەرانی زانایان و بارودۆخی ئایینی و ره‌وشی ئیداره‌دان و ئاستی هه‌وڵ و هه‌نگاوو كاردانه‌وه‌كان تێده‌گات، بەردەوام په‌یامی خۆی هه‌بووه‌و پێشنیاری دیراسه‌كراوی گه‌یاندووه‌، بۆیه‌ دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ سه‌رجه‌م زانایان سوورتر ده‌بین له‌خزمه‌تكردنی ئایین و پاراستنی رێڕه‌وی گه‌وره‌ زانایان و، ئه‌و ئامانجانه‌ی یه‌كێتی زانایانی له‌سه‌ری دامه‌زراوه‌.

سێیه‌م: له‌پێناو پاراستنی به‌های كاری بانگه‌وازی و گوتاری ئایینی و به‌ره‌و پێشبردنی ره‌وشی دینداری و ئارامی دۆخی مزگه‌وته‌كان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی و، رێگری له‌ ناله‌باری بۆچوونی هاورده‌و نازانستی و ناكامڵ و پاراستنی پێگه‌و رێڕه‌وی زانایان و، یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزی فیقهی لەناو موسڵمانانی كورد وه‌ك هه‌ر وڵاتێكی تری ئیسلامی، لەرووی فکری و عەقیدەیی دێرینی مەلای کورد په‌یڕه‌وكردنی مه‌زهه‌بی ئیمانی شافیعی وەک مه‌زهه‌بی رسمی هه‌رێمی كوردستان بە پێویست دەزانێت.

چواره‌م: یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان مه‌رجه‌عی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی مه‌لای كورده‌و نوێنه‌رایه‌تی زانایانی ئایینی له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌كات، ئه‌نجومه‌نی باڵای فه‌توای ئه‌م یه‌كێتیه‌ش به‌رپرسیاره‌ له‌ ده‌ركردنی فه‌تواو بابەتە ئیجتیهادییەکان، بۆیه‌ ناكرێ مینبه‌ری مزگه‌وت و كه‌ناڵ و په‌یج و سایتی كه‌سی ببنه‌ شوێنی فه‌توادان، هەروەها مزگه‌وت شوێنی خواپه‌رستی و ناوه‌ندێكی گه‌وره‌ی په‌روه‌رده‌ی رۆحی و ئیمانییه‌، پێویسته‌ په‌ره‌ی زیاتری پێ‌ بدرێت، وە رێگە نەدرێت ببێته‌ شوێنی په‌رته‌وازه‌یی و لێكترازان و ناكۆكی و ململانێی فكری و مه‌زهه‌بی و كه‌شی ئارامی دینداری بشێوێت، چونكه‌ ده‌بێته‌ فاکتەری به‌رهه‌مهێنانی رق و كینه‌و ئاژاوه‌و گوتاری توندڕه‌ی و دواجار خزمه‌تێك به‌ گه‌ل و وڵات ناكات.

پێنجه‌م: یەکێتی زانایان نیگەرانە لە دۆخی نالەباری کەرکوک و گوزەران و دواکەوتنی موچەی هاوڵاتیان لە لایەن حکومەتی عیراقەوە، کە نابێ پرسی بودجەو مووچەو مافە یاسایی و دەستورییەکانی خەڵکی کوردستان تێکەڵ بە ململانێی سیاسی بکرێت، داواش لە هێزو لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان دەکەین بە یەکهەڵوێستی و تەبایی نێوخۆی هەرێم ئاوڕی جددیتر لە خزمەتکردنی هاوڵاتیان بدەنەوە.