سەبارەت بە دەوامی مامۆستایان؛ وەزارەتی پەروەردە فەرمانێکی وەزاری دەردەکات

وێنەی قوتابخانەیەک لە شاری هەولێر
وێنەی قوتابخانەیەک لە شاری هەولێر

K24 - هەولێر:

وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانێکی وەزاری، مامۆستایان لە ناوەندەکانی خوێندنی حکومی ئاگادار دەکاتەوە لەوەی، "دوای تەواوبوونی بەشە وانەی رۆژانەیان، سەرپشکن لە مانەوەیان لە ناوەندەکانی خوێندن".

لە فەرمانەکەدا هاتووە، سەبارەت بە دەوامی مامۆستایان لە ناوەندەکانی حکومی، بە گوێرەی وانەکانیان دەبێت کە لە خشتەی بەشە وانەکانیان بۆیان دانراوە و گۆڕانکاری تێدا ناکرێت.

ئاماژە بەوەشدراوە، جگە لە کاتی وتنەوەی وانەکانی خۆی و ئامادەبوونی لە یەک بەشە وانەی هەفتانەی راهێنان، مامۆستا پابەند ناکرێت بە مانەوەی لە سەرەتای دەوام تا کۆتایی دەوام و سەرپشکن لە مانەوەیان لە ناوەندەکانی خوێندن.

فەرمانە وەزارییەکە لەلایەن ئالان حەمەسەعید ساڵح، وەزیری پەروەردە واژۆی لەسەر کراوە.