چین بەکارهێنانی "ئایفۆن" لە هەندێک شوێن قەدەغە دەکات

K24 - هەولێر:

چین بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مۆبایلی "ئایفۆن" لە بەرپرسانی دەزگاکانی حکومەت، لەکاتێکدا لە ئۆفیسەکانی کارکردندان.

رۆژنامەی 'وۆڵ ستریت جۆرناڵ'، بڵاویکردووەتەوە، وڵاتی چین بڕیاریدا بە قەدەغەکردنی بەکارهێنانی مۆبایلی ئایفۆنـی جۆرە جیاوازەکانی کۆمپانیای "ئەپڵ" لە بەرپرسانی دەزگاکانی حکومەت کاتێک لە ئۆفیسەکانی کارکردندان.

ئەم قەدەغەکردنە هەموو ئەو ئامێرانەی دیکە دەگرێتەوە کە لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە بەرهەم دەهێنرێن، جگە لە ئامێرە مارکە بیانییەکان، قەدەغەکردنی هێنانی ئەم ئامێرانە بۆ ناو نووسینگەی کارگێڕییەکان جێبەجێ دەکرێت.

 بەگوێرەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، چین لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا رێنمایی نوێی دەرکردووە، بەو پێیەی بەرپرسان فەرمانی راستەوخۆیان لە رێگەی گروپی چات یان کۆبوونەوە فەرمییە داخراوەکانەوە وەرگرتووە، بۆ بڵاوکردنەوەی قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئایفۆن و ئامێرە زیرەکەکانی بیانی.

 بڕیارە نوێیەکە بەشێکە لە زنجیرەیەک بڕیار کە پەکین جێبەجێی دەکات بە ئامانجی کەمکردنەوەی پشتبەستن بە تەکنەلۆژیای بیانی و بەرزکردنەوەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە چین.

کۆمپانیای "ئەپڵ"کۆمپانیای باڵادەستە لە بازاڕی مۆبایلە زیرەکەکان لە چین، کە بە یەکێک لە گەورەترین بازاڕەکانی کۆمپانیای "ئەپڵ" دادەنرێت، کە بەرپرسیارە لە 19%ـی داهاتی کۆمپانیاکە لەسەر بنەمای ساڵانە.