گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی لافاوه‌كه‌ی توركیاوه‌ بۆ 7 كه‌س به‌رزبووه‌وه‌

K24 – هەولێر:

میدیا ناوخۆییەکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، بەهۆی بارانی بەخوڕ و لافاوی خێرا  کە لە باکووری رۆژئاوای تورکیا دروستبووە لانیکەم حەوت کەس گیانیان لەدەستداوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە (6ـی ئەیلوولی 2023)، میدیا ناوخۆییەکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، بەهۆی بارانە بەخوڕەکەی کە پارێزگای کیرککرەئیلی تورکیای گرتوەتەوە لە نزیک سنووری بولگاریا و یۆنان پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەروشوێن بووە، دوای ئەوەی درەنگانی رۆژی سێشەممە ماڵەکان ژێرئاوکەوتوون.

دەسەڵاتداران ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە ناوچەکانی باشاکشەهیر و کوچوکچەکمەجە لە باکووری ئیستانبوڵ دوو کەسی دیکە گیانیان لەدەستداوە و 31 کەسیش برینداربوون.

داواکاری گشتیی کوچوکچەکمجە، لە راگەیاندراوێکدا رایگەیاندووە، "دەستبەجێ لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئەو گیانلەدەستنانە دەستیپێکردووە کە لە کارەساتی لافاوەکەدا روویانداوە".

عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و فریاگوزاری بەردەوامن و بەڵێنی پاڵپشتی دارایی بۆ خێزانەکانی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی لافاوەکە دراوە.

وەزیری ناوخۆ تورکیا، گوتی: بڕی 15 هەزار لیرە هاوکاری هەر خێزانێک دەکەین کە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.

لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی پارێزگاری تورکیا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، لە ماوەی کەمتر لە شەش کاتژمێردا نزیکەی 125 کیلۆگرام باران لە هەر مەتر چوارگۆشەیەکدا لە ئیستانبوڵ باریوە، ئەمەش یەکسانە بەو بارانەی کە بە شێوەیەکی ئاسایی گەورەترین شاری تورکیا چاوەڕێی دەکات لە مانگی ئەیلولدا بە گشتی.