خاڵی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیرکرا

پێش ساڵیادی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی؛ ئەندامێکی خانەوادەکەی دەستگیرکرا
خۆپێشاندان بۆ سەرکۆنەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی
خۆپێشاندان بۆ سەرکۆنەکردنی کوشتنی ژینا ئەمینی

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی رایگەیاندووە: هێزە ئەمنییەکانی ئێران خاڵی ژینا یان دەستگیرکردووە، ئەمەش چەند رۆژێک بەر لە ساڵیادی کۆچی دوایی ژینا دێت.

دەسەڵاتدارانی ئێران لە ترسی سەرهەڵدانەوەی ناڕەزایەتی خەڵک سەرکوتی ئۆپۆزسیۆنیان چڕتر کردووەتەوە بە ئامانجی راگرتنی هەر جۆرە گردبوونەوەیەک لە ساڵیادی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، "دوورۆژ لەمەوبەر گروپێک لە هێزە ئەمنییەکانی ئێران چوونەتە ماڵی خاڵی ژینا ئەمینییە، بەبێ فەرمانی دادگا ئۆتۆمبێلەکەی و ماڵەکەیان پشکنیوە، دواتر دەستگیریان کردووە، هەروەها دەستیان بەسەر هەندێک بەڵگەنامەدا گرتووە، وەک پاسپۆرتەکەی".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێش دەستگیرکردنی، ماوەی هەفتەیەک بوو هێزە ئەمنییەکان بەدوای خانەوادەکەمان دەگەڕان، تاوەکو ئێستاش نازانین ئەم کەسە بۆ کوێ بردراوە".

گرووپەکانی مافی مرۆڤ رایانگەیاندووە، لە کاتی ئاژاوەگێڕییەکان کە بە توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە سەرکوت کران، زیاتر لە 500 کەس کوژراون کە 71 کەسیان کەم تەمەنن و سەدان کەسیش برینداربوون و هەزاران کەسیش دەستگیرکراون.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کە بنکەکەی لە فەرەنسایە، رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە چەند هەفتەی رابردوودا بە بانگهێشتکردن، هەڕەشەکردن یان دەستبەسەرکردنیان، گوشارەکانیان بۆ سەر بنەماڵەی ئەو کەسانەی لە ناڕەزایەتییەکاندا کوژراون چڕتر کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "هەڕەشە لە خێزانەکان کراوە کە خۆیان لە بانگهێشتکردنی هەر گردبوونەوەیەک بۆ یادکردنەوەی ئەمینی بەدوور بگرن".

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی ئێران بە ئارەزووی خۆیان ئەندامانی بنەماڵەی قوربانییەکانیان دەستگیر کردووە و دەستبەسەریان کردون،  لەگۆڕستانەکانیش قەدەغەیان کردوون، هەروەها بەردی گۆڕی قوربانییەکانیشیان شکاندووە".

گروپەکانی مافی مرۆڤ ئەوەشیان راگەیاند، دەسەڵاتداران زۆرێک لە رۆژنامەنووسان و پارێزەران و چالاکوانان و خوێندکاران، هەروەها ئەکادیمیستەکان و کەمینە نەتەوەییەکان وهونەرمەندان، کەسایەتییە گشتییەکان و ئەندامانی بنەماڵەی ئەو خۆپیشاندەرانەیان بانگهێشت کردووە، هەڕەشەیان لێکردوون.

ڕۆژنامەی "ئیعتیماد"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ئەمینی، رووبەڕووی تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی حکومەت بووەتەوە. لە ئەگەری سزادانی نیکبەخت لە نێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ زیندانی دەکرێت.

رۆژی 13ـی ئەیلول، ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵان خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بنەماڵەکەی بۆ گەشت سەردانی تارانیان کرد. ژینا لەو رۆژەدا بە هۆی "رەچاونەکردنی باڵاپۆشی"، لەلایەن پۆلیسی ئاسایشی کۆمەڵایەتی تاران دەستگیرکرا و دوای تێکچوونی باری تەندروستی لە بنکەی پۆلیس، رەوانەی نەخۆشخانە کرا. ژینا، دوای سی رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، گیانی لەدەستدا و رۆژی 17ـی مانگ لە گۆڕستانی ئایچی سەقز لە ناو ئاپۆڕای خەڵکدا بە خاکسپێدرا.

بەهۆیەشەوە لەدوای مردنی ژینا ئەمینی خۆپیشاندان لەوڵاتە دەستی پێکرد، کەبووە هۆی کوژران و برینداربوونی سەدان کەس، هەروەها دەستگیرکەدنی هەزاران کەسیشی لێکەوتەوە. ​