ئومێد خۆشناو: رووناککردنەوەی پردێکی ناشڤێل بە ئاڵای کوردستان رێزگرتنە لە خەباتی گەلی کوردستان

K24 - هەولێر:

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کە بە سەردانێک لە شاری ناشڤێلی ئەمەریکایە، بە کوردستان24ی راگەیاند، رووناککردنەوەی پردێکی ناوداری شارەکە بە ئاڵای کوردستان رێزگرتنە لە خەباتی خەڵکی کوردستان.

پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ئەو هەنگاوەی دەسەڵاتدارانی شاری ناشڤێل پێشکەش بە رۆحی ئەو شەهیدانە دەکەین کە لە چەند رۆژی رابردوودا لەپێناو ئاڵای کوردستان لە کەرکووک شەهید کران.

ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو، "گرنگیدانی ئەو وڵاتە و رێزگرتنیان لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە لە شارێکی کوردی و لە وڵاتی خۆتدا لەسەر ئەو ئاڵایە شەهید دەکرێی، ئەمە پەیامێکە کە لێکدانەوەیەکی قووڵ هەڵدەگرێت".

رۆژی 5ـی 9ـی 2023، پارێزگاری هەولێر بە یاوەری شاندێک گەیشتە شاری ناشڤیلی ئەمەریکا.

بە گوێرەی راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێر، مەبەست لە سەردانەکەى شاندى پارێزگاى هەولێر بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکان و واژۆکردنی رێککەوتنى دەستەخوشکى نێوان هەولێر و ناشڤیل و ئەنجامدانى چەندین دیدار و چاوپێكەوتنە لەگەڵ كەسایەتی و گەورە بەرپرسانی وڵاتەکە.