تۆمەتی ناوزڕاندن درایە پاڵ دۆناڵد ترەمپ

کاتی دادگاییکردنی ترەمپ
کاتی دادگاییکردنی ترەمپ

K24 - هەولێر:

دەستەی سوێندخۆرانی شاری نیویۆرک، تۆمەتی سوکایەتیکردن و ناوزڕاندنی جین کارۆڵی رۆژنامەنووسیان دایە پاڵ دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا.

جین کارۆڵ پێشتر دۆناڵد ترەمپی بەوە تۆمەتبارکردبوو کە دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەری، ئەم جارەش سکاڵایەکەی دیکەی بە تۆمەتی سوکایەتیپێکردن و ناوزڕاندن تۆمار کردووە و داوای قەرەبووکردنەوە دەکات.

ئەمەش لەکاتێکدایە، ترەمپ خۆی بۆ هەڵبژاردنی ساڵی 2024ـی سەرۆکایەتی ئەمەریکا کاندید کردووەتەوە، تا ئێستاش سێ دۆسیەی لە دادگاکانی ئەمەریکان کە بەشێکیان دۆسیەی تاوانکارین.

بەپێی راپرسییەک بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە هەڵبژاردنی داهاتوو، کە رۆژنامەی ئەی بی سی ئەمەریکی ئەنجامیداوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا حەوت خاڵ لەپێش جۆو بایدنی سەرۆکی ئێستایە.

لە راپرسییەکەی رۆژنامەی ئەی بی سی کە مانگی 5ـی ئەمساڵ ئەنجامەکەی خرایەڕوو، دۆناڵد ترەمپ %49ی دەنگەکانی راپرسیەکەی بەدەستهێناوە، لەکاتێکدا جۆو بایدن تەنها %42ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە.