وۆڵ ستریت جۆرناڵ: بەهۆی بڕیارەکەی چین پشکەکانی کۆمپانیای ئەپڵ دابەزی

K24 - هەولێر

دوای بڕیارەکەی چین بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی ئایفۆن و ئامێرە بیانییەکانی دیکە لە ئۆفیسەکانیان، پشکەکانی کۆمپانیای ئەپڵ دابەزی.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، لە ماوەی هەفتەکانی رابردوودا، بەرپرسانی چینی رێنماییان لە سەرۆکەکانییانەوە لە رێگەی گروپ چاتەوە پێگەیشتووە سەبارەت بە کۆبوونەوەکانییان.

بڕیارەکەی چین بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر پشکەکانی ئەپڵ هەبووە، کە بە رێژەی 3.6% دابەزی. چین یەکێکە لە گەورەترین بازاڕەکانی کۆمپانیاکەی ئەمەریکا، کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی داهاتەکەی پێکدەهێنێت.

شیکەرەوەکان دەڵێن ئەم هەنگاوەی چین، نیشانی دەدات کە هەنگاو دەنێت بەرەو خۆدوورخستنەوە لە کۆمپانیا تەکنەلۆژیاکانی ئەمەریکا و کەمکردنەوەی پشت پێ بەستنیان.

تۆم فۆرت، شیکەرەوەیەک لە کۆمپانیای "دی ئی داڤیدسۆن" دەڵێت، " ئەپڵ تەنانەت بەرگریش لەخۆی ناکات لە چین، کە بە سەدان هەزار کارمەندی لەو وڵاتە هەیە، بۆ کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی لە رێگەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ فۆکسکۆن".

فۆرتی گوتیشی: "ئەم هەنگاوە دەبێت ئیلهام بە کۆمپانیاکان ببەخشێت بۆ هەمەجۆرکردنی بەرهەمەکانی تایبەت بە خۆیان و گەڕان بەدوای کڕیارانی دیکەدا، بۆ ئەوەی کەمتر پشت بە چین ببەستن لە حاڵەتی زیادبوونی گرژییەکاندا".

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەم قەدەغەکردنە لەوانەیە نیگەرانی لەنێو کۆمپانیا بیانییەکاندا دروست بکات کە لە چین کاردەکەن لە کاتێکدا گرژییەکانی نێوان چین و ئەمەریکا زیاد دەکات، بڕیارەکە  پێش خستنە بازاڕی ئایفۆنە نوێیەکە دێت، کە چاوەڕوان دەکرێت لەهفتەکانی داهاتوودا نمایش بکرێت.