ژمارەیەکی زۆر لە هێزە عێراقییەکان لە نزیک قەڵای کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە

بڵاوەپێکردنی هێزە عێراقییە لە نزیک قەڵای کەرکووک - وێنە: کوردستان24
بڵاوەپێکردنی هێزە عێراقییە لە نزیک قەڵای کەرکووک - وێنە: کوردستان24

K24 – کەرکووک:

دوای بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە نزیک قەڵای کەرکووک، لە دەوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، هێزێکی زۆری ئەمنی لە دەوروبەری قەڵای کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە.

رۆژی پێنجشەممە (7ـی ئەیولوولی 2023)، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، لەسەر دەنگۆی دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی هاووڵاتییانی کورد لە کەرکووک، هێزێکی زۆری ئەمنی لە دەوروبەری قەڵای کەرکووک بڵاوەی پێکراوە.

لەلایەن خۆیەوە، لیوا کاوە غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک بە کوردستان24ـی راگەیاند، پۆلیسی کەرکووک بە مەبەستی پاراستنی ئاسایشی هاووڵاتییان لەکاتی بوونی خۆپیشاندان، پۆلیسی کەرکووک لە ئەرکی خۆیدا بەردەوام دەبێت و داواشی کرد، خۆپیشاندەران رێکارە یاساییەکان بگرنەبەر. 

بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ دوو کۆبوونەوە لەبارەی رەوشی ئەمنی شاری کەرکووک ئەنجامدراوە بە بەشداری عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق و تاوتوێی دۆخەکە و پاراستنی ئاسایشی شارەکە کراوە.

کاوە غەریب جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لە کۆبوونەوەکاندا، سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق پەیامی فەرماندەی گشتی سوپای عێراق و وەزیری ناوخۆی گەیاندووە، کە "پێداگیریان لەسەر پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە کەرکووک کردووەتەوە بە هەر شێوەیەک بێت".

ئەمڕۆ پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023) عەبدولئەمیر یارەڵڵا، سەرۆک ئەرکانی سوپاری عێراق و قاسم محەممەدی فەرماندەی هێزە وشکانییەکانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵای ئەمنی عێراقی گەیشتنە شاری کەرکووک بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ فەرماندەی ئەو هێزە ئەمنییانەی ئێستا لە کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە.

رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێر کە بووەتە هۆی وەستاندنی کارو کاسبییان و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون.

ماوەی شەش رۆژە، هێزە عێراقییەکان بەشێوەیەکی فراوان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە و شارەکەیان کردووە بە سەربازگە و ترس و دڵەڕاوکێی زۆریان لای هاووڵاتییانی کوردی ناوچەکە دروستکردووە.

هێزە عێراقییەکان لە کەرکووک لەماوەی رابردوو رەشبگیریان ئەنجامدا و ژمارەیەک لە گەنجی کوردیان دەستگیرکرد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان، هەروەها لەو خاڵە پشکینیانەی لە سەر شەقامە گشتییەکان و ناو گەڕەکە کوردنشینەکان دایانناوە، ئاستەنگیان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستکردووە.