رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی سه‌ره‌كیترین هۆكاری دواخستنی سه‌ردانی ئه‌ردۆغان بۆ عێراق ده‌خاته‌ڕوو

ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆكی توركیا

K24 – هەولێر:

رۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ به هۆكاره‌كانی دواخستنی سه‌ردانییه‌كه‌ی سه‌رۆككۆماری توركیا ده‌كات بۆ به‌غدا و رایده‌گه‌یه‌نێت، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانی هه‌نارده‌ی نه‌وتی عێراقه‌ له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 7ـی ئه‌یلوولی 2023) رۆژنامه‌ی زه‌ كره‌یدڵ "The Cradle"ـی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكرده‌وه‌، چه‌ند هۆكارێك له‌ پشت دواخستنی سه‌ردانییه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیایه‌ بۆ عێراق، كه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانیش پرسی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ی جه‌یهانی توركییه‌وه‌.

ئه‌و رۆژنامه‌ ئه‌مه‌ریكییه‌ روونیشیكردووه‌ته‌وه‌، ره‌نگه‌ سه‌ردانییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بكه‌وێته‌ كۆتاییه‌كانی مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری داهاتوو، تا ئه‌و كاته‌ی دانوستانه‌كانی نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ سه‌باره‌ت به‌ وزه‌ پێشكه‌وتنی به‌رچاو به‌خۆوه‌ ده‌بینن، كه‌ چاودێران و شاره‌زایان پێیان وایه‌ به‌هۆی ئاڵۆزی پرسه‌كه‌وه‌ كاتێكی زۆرتری پیویست بێت.

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقی رایگه‌یاندووه‌، ناكۆكییه‌كانی نێوان به‌غدا و ئه‌نقه‌ره‌ هۆكار بوو بۆ دواكه‌وتنی سه‌ردانییه‌كه‌ی ئه‌ردۆغان بۆ به‌غدا له‌ مانگی ئابدا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌رپرسێكی توركی به‌ رۆژنامه‌كه‌ی گوتووه‌، ئه‌ردۆغان ده‌یه‌وێت رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق بكات، به‌ڵام تا ئێستا له‌لایه‌ن عێراقه‌وه‌ هیچ هه‌نگاوێكی پێویست نه‌نراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش وایكردووه‌، پێشكه‌وتنی پرسه‌كان له‌نێوان هه‌ردوولادا سست بێت.

رۆژی (سێشه‌ممه‌ 25ـی ته‌ممووزی 2023) نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق پێشوازی له‌ ره‌زا گونه‌ی، باڵیۆزی توركیا له‌ عێراق كردووه‌ و ژماره‌یه‌ك پرسی په‌یوه‌ندیداری نێوان هه‌ردوو وڵاتیان تاووتوێ كردووه‌.

هه‌روه‌ها نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ سوودانی و گۆنای باسیان له‌ سه‌ردانییه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌كه‌ی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا بۆ به‌غدا كردبوو‌، كه‌ بڕیار وابوو‌ له‌ سه‌ره‌تاكانی مانگی ئابدا بگاته‌ عێراق و له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ و سه‌ركرده‌ سیاسییه‌كانی عێراق كۆببێته‌وه‌.

بڕیار وابوو ئه‌ردۆغان له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سوودانی سه‌باره‌ت به‌ هه‌ر یه‌ك له‌ پرسه‌كانی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌، دۆسیه‌ی ئاو و بابه‌تی هه‌ناركردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ی جه‌یهانی توركییه‌وه‌، گفتوگۆ بكات.

رۆژی سێشەممە (21ـی ئاداری 2023)، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرە و لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیاوە پێشوازی لێکرا و دواتر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان ئاشکراکرد.

پرسی ئاو، تیرۆر و پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات گرنگترین ئەو خاڵانەبوو، کە سەرۆک کۆماری تورکیا لە قسەکانیدا ئاماژەی پێدا و رایگەیاند، داوامان لە عێراق کردووە، پەکەکە وەک رێکخراوی تیرۆریستی بناسێنێت و لەناو خاکەکەیدا دووریان بخاتەوە.