جووتیارانی تۆپزاوە دژی بە سەربازگەکردنی گوندەکەیان ناڕەزایەتی دەردەبڕن

K24 – هەولێر:

جووتیارانی تۆپزاوە لە کەرکووک رایانگەیاند، سوپای عێراق هەرجارە و بە بیناووی جیاواز هەڵدەکوتێتە سەر گوندی تۆپزاوە و ئەم جارەش بە بیانووی دروستکردنی سەربازگە هاتوونە ناوچەکەیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (7ـی ئەیلوولی 2023)، جووتیارانی گوندی تۆپزاوە لە کەرکووک دژی بە سەربازگەکردنی گوندەکەیان لەلایەن سوپای عێراقەوە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، لە ماوەی رابردووەوە تا ئێستا سوپای عێراق هەرجارە و بە بیانووی جیاواز هەڵدەکوتێتە سەر گوندی تۆپزاوە، جارێک بە بیانووی داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کورد و تورکمان، هەروەها رێگریکردن لە دوورینەوەی بەرهەمەکانمان، ئەمجارەش بە بیانووی دروستکردنی سەربازگە دووبارە دێنەوە سەر گوندەکەمان و دەیانەوێت هەنگاوەکانی بوونی ئەم شوێنە بە سەربازگە جێبەجێ بکەن.

هاوکات داواکارن، سوپا بە هیچ شێوەیەک دەستوەرنەداتە کاروباری زەوی جووتیاران و ئەو کێشانەی کە تایبەتن بە زەویوزاری ناوچەکە.

ئاماژەیان بەوەشکرد، میکانیزمی چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان لە ماددەی 140ـی دەستووری عێراق جێگەی کراوەتەوە، لەو رێگەیەوە دەتوانرێت کۆتایی بەم کێشانە بهێندرێت.

یەکێک لە بڕگەکانی ماددەی 140ی دەستووری عێراق ئەوەیە کە عەرەبی هاوردە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و قەرەبوو بکرێنەوە، ئەگەر ئەم بڕگەیەیی ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، رەنگە بەشێکی زۆر لەو کێشانەی کە ئێستا هەن لەسەر زەوی و زاری کورد چارەسەربن.

لەسنووری پارێزگای کەرکووک ، ملیۆنێک و 100  هەزار دۆنم زەوی کێشەی لەسەرە، بەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان یەک لەسەر سێی کێشەکان چارەسەر دەبن، بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 1975ـی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێژنەی کاروبارەکانی باکووریش کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵی 2012 بڕیاری لەسەرداوە و گشتاندنی بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە پێویستە لەڕێگەی وەزارەتی دادی عێراقەوە، فشار لەسەر دادگاکان و فەرمانگەی تاپۆی کەرکوک بکرێت، بۆ گەڕاندنەوەی نۆسەد هەزار دۆنم زەوی دیکەی جووتیارانی کورد و تورکمان.