چین.. هه‌ر كه‌س بێڕێزی به‌رامبه‌ر كه‌سایه‌تی و ئاڵا و هێما نیشتمانییه‌كان بكات به یاسا سزا ده‌درێت

K24 – هەولێر:
یاسادانه‌رانی چین سوورن له‌سه‌ر ده‌رچوونی یاسایه‌ك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی پۆشینی هه‌ر جۆره جلوبه‌رگ و پۆشاكێك و چه‌ند ره‌فتارێك كه ده‌بێته هۆی تێكدانی شیرازه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و زیان به هه‌ستی گه‌لی چین بگه‌یه‌نێت.
به‌گوێره‌ی ره‌شنووسی هه‌مواری یاسای پێشنیازكراوه، به‌شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان كۆمه‌ڵێك ره‌فتار و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگه‌ی چینی له‌ناویشیاندا پۆشینی جلوبه‌رگ و قسه و ئاخاوتن و ده‌ربڕین، كه زیان به به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی چینی ده‌گه‌یه‌نێت و بێڕێزی به هه‌ستیان ده‌كات، قه‌ده‌غه ده‌كرێت.
ئه‌م یاسایه سزای 15 رۆژ به‌ندكردن و پێبژاردنی 680 دۆلاری بۆ هه‌ر كه‌سێك داناوه، كه جلوبه‌رگی نه‌شیاو به كۆمه‌ڵگه‌ی چینی ده‌پۆشێت و قسه‌ی نه‌شیاو له میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به نووسین یاخود به ڤیدیۆ بڵاوده‌كاته‌وه.
به‌گوێره‌ی یاساكه ئه‌وانه‌ی وتار و گوتارگه‌لێك بڵاوده‌كه‌نه‌وه، كه گیان و هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تی له‌ناو ده‌بات، یانیش سووكایه‌تی و بێڕێزی به‌رامبه‌ر به ئاڵا و پاڵه‌وانان و شه‌هیدان و سێمبۆڵه نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و په‌یكه‌ره نیشتمانییه‌كان ده‌كه‌ن، رووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه و سزای جه‌سته‌یی و ماددی ده‌بنه‌وه، هه‌روه‌ها ئه‌وانه‌شی جلوبه‌رگێك ده‌پۆشن كه گوزارشت له هاوڕه‌گه‌زخوازی ده‌كات، سزاكه ده‌یانگرێته‌وه.