زانکۆی هارڤارد کۆرسی زمانی کوردی دەکاتەوە

خشتەی کۆرسێکی زمانەکان لە هارڤارد
خشتەی کۆرسێکی زمانەکان لە هارڤارد

K24 - هەولێر:

زانکۆی هارڤارد، کە یەکێکە لە گەورەترین و بەناوبانگترین زانکۆکانی جیهان کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی زاراوەی (سۆرانی) بۆ خوێندکارەکانی دەکاتەوە.

بەشی زمان و شارستانییەتەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانکۆی هارڤارد کۆرسی فێربوونی زمانی کوردی (سۆرانی) دەکاتەوە و چەند خوێندکارێکی دکتۆرا خۆیان ناونووس کردووە و مامۆستایەکی کورد بەناوی (ئەحمەد محەممەدپوور) کۆرسەکە دەڵێتەوە.

ئەحمەد محەممەدپوور، مامۆستای مرۆڤناسی و کۆمەڵناسییە و پلەی زانستی (یاریدەدەری پرۆفیسۆر)ـە، خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانە و سەبارەت بە وتنەوەی ئەو کۆرسە لە هەژماری فەرمی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی: زۆر جێگەی خۆشحاڵیە کە {زانکۆی هارڤارد} بۆ یەکەم جار کۆرسی زمانی کوردی بۆ خوێندکارانی دکتۆرا پێشکەش دەکات کە حەز دەکەن لەگەڵ زمانی کوردی ئاشنا بن.

ئاماژەی بەوەشداوە، چەند خوێندکارێکی دکتۆرا خۆیان ناونووس کردووە.

ئەحمەد محەممەدپوور کردنەوەی ئەم کۆرسە بە هەنگاوێکی گرنگ و بەسوود بۆ کورد لە قەڵەم دەدات و دەڵێت: بۆ سەرچاوەی سەرەکی کۆرسەکە، کتێبێکی دکتۆر (حەیدەر خزری)ـم هەڵبژاردووە، بەهیوای خوێندکاری زیاتر و هەروەها بەردەوامی و پتەوبوونی زیاتری زمانی کوردی لە زانکۆی هارڤارد.

جگە لە هارڤارد، چەند زانکۆیەکی دیکە لە ئەمەریکا کۆرسی فێربوونی زمانی کوردییان کردووەتەوە، لەوانە زانکۆی سێنتراڵ فلۆریدا.

زانکۆی هارڤارد لە ساڵی 1636 لە ویلایەتی ماساچوستس دامەزراوە و یەکەم دامەزراوەی خوێندنی باڵا بووە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و لە ریزبەندی باشترین زانکۆکانی جیهان بەگوێرەی گۆڤاری (Times Higher Education)، پلەی دووەمی بەدەستهێناوە.