سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای عێراق سه‌ردانی شاری كه‌ركووكی كرد

K24 - هه‌ولێر:

درەنگانی شەوی رابردوو، عەبدولئەمیر یارەڵڵا سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای عێراق و ژمارەیەک بەرپرسی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق، گەیشتنە کەرکووک و لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی شارەکە دۆخی کەرکووکیان تاوتوێکرد، دواتر سەردانی قەڵای کەرکووکی کرد.

سەردانەکەی سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، وەک ئامادەکارییەک بۆ سەردانی چاوەڕوانکراوی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کەرکووک لێکدەدرێتەوە.

بڕیاریشە سبەینێ هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر دۆخی کەرکووک و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییانە و شەهیدبوونی خۆپیشاندەرە کوردەکان کۆببنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەدوێنێوە شاری کەرکووک بەسەربازگە کراوە و ژماره‌یه‌كی زۆری سەرباز و ئۆتۆمبێلی سەربازیی لە گەڕەکە کوردنیشینەکانی ئەو شارە جێگیرکراون.

ئێوارەی رۆژی شەممە، 2ـی ئەیلوولی 2023، کاتژمێر 05:00 ژمارەیەک گەنجی کوردی دانیشتووی کەرکووک لە دژی داخستنی رێگای سەرەکی هەولێر – کەرکووک لەلایەن هەندێک عەرەب و تورکمانی کەرکووکەوە خۆپیشاندانیان کرد. خۆپیشاندانەکە گرژی و ئاڵۆزی لێکەوتەوە و هێزە ئەمنییەکان تەقەیان لە خۆپیشاندەرە کوردەکان کرد.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش بریندارن.

جگە لە شەهیدکردن و بریندارکردنی ژمارەیەک هاووڵاتی کوردی کەرکووک، هێزە ئەمنییەکانی ئەو شارە، چوار رۆژنامەنووس و میدیاکاریان دەستبەسەر کرد و یەکێکی دیکەشیان بریندار کرد.