جۆن کووپەر: پەیوەندی ناشڤێڵ و هەولێر هاوشێوەی پەیوەندی نێوان دوو هاوبەشی گەورەن

جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ
جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ

K24 – ناشڤێڵ:

شاندێکی پارێزگای هەولێر بۆ مەبەستی دەستەخوشکبوونی نێوان هەولێر و ناشڤێڵ لە ئەمەریکان، سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ رایدەگەیەنێت، زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە لە ناشڤێڵ، هەروەها پەیوەندی ناشڤێڵ و هەولێر هاوشێوەی پەیوەندی نێوان دوو هاوبەشی گەورەن.

هەولێر و ناشڤێڵ رێککەوتنی دەستەخوشکی واژوودەکەن، هاوکات دوای 10 ساڵ لە هه‌وڵدان و لێکۆڵینەوەی ورد، هەولێر و ناشڤێڵ واژوو لەسەر رێککەوتنی بەدەستەخوشکبوونیان دەکەن. ئێستا شاندێکی پارێزگای هەولێر بۆ ئەم مەبەستە لە شاری ناشڤێڵه‌ و واژوو لەسەر رێککەوتنەکە دەکەن، چاوەڕێدەکرێت لەمەودوا پەیوەندییەکانی هەردوو شار لە زۆربەی بوارەکاندا بەتایبەت لەرووی کولتووری، بازرگانی و خوێندن پەرە بسێنێت، بە واژووکردنی رێککەوتنەکە هەولێر دەبێتە یەکەم شار له‌سه‌رانسه‌ری باکووری ئەفریقا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە دەبێتە دەستەخوشکی شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تێنەسی ئەمەریکا.

جۆن کووپەر، سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، زمانی کوردی زمانێکی فەرمییە لە ناشڤێڵ و ئەوان هەموو بەڵگەنامەکان وەردەگێڕنە سەر زمانی کوردی، کۆمەڵگەی کوردی بەشدارن لە حکومەت، لە بازرگانی، خواردن و کولتوور، "بۆیە پەیوەندی نێوان ناشڤێڵ و هەولێر هاوشێوەی پەیوەندی نێوان دوو هاوبەشی گەورەن".

لەلایەکی دیکەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ـی گوت، ئەو هەمانگەییە، ئەو هاوکاربوونە، بەیەکتر گەیشتن و رێککەوتنی نێوان هەولێر و ناشڤێڵ، لە ئایندەدا کاریگەری زۆر باشی دەبێت، بە تایبەتی لە بابەتی خوێندن، کۆمەڵێک دەرگا و دەرفەتی دیکە لەبەردەممان دەکاتەوە.

دوا سەردانی ئەنجوومەنی شارەوانی ناشڤێڵ بۆ هەولێر مانگی ئایاری ئەمساڵ بوو، دوای لێکۆڵینەوەی ورد، بە کۆی دەنگ بڕیاری بە دەستەخوشکیان لەگەڵ هەولێر پەسەندکرد، پڕۆسەی بەدەستەخووشکبوونی دوو شار دوور و درێژە و کاری زۆری دەوێت. لە ساڵی 2014ـەوە بیرۆکەی بەدەستەخوشکبوونی هەولێر و ناشڤێڵ هاتە ئاراوە، ماوەی سێ ساڵیشە بەچڕی کاری لەسەر دەکرێت.

لەلایەن خۆیەوە، پاتریسیا کۆترێل، سەرۆکی بۆردی بەدەستەخوشککردنی ناشڤیڵ، بۆ کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، "پەیوەندییە سرووشتییەکە بە دڵنیاییەوە ژمارەی کوردانە کە لێرە دەژین و خۆتەرخانکردنیان بووە لە ناشڤێڵ، بنچینەیەکی بەهێزی پاڵپشتی ئەو خەڵکانەمان هەیە کە بەشداری و یارمەتیدەرمان بوونە لە پەرەپێدانی ئەو هاوبەشییە و دروستکردنی پەیوەندییەکی بەهێز".

لەمەودا هەولێر وەک یەکەم شاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێتە دەیەم شاری دەستەخوشکی ناشڤێڵ، یەکێک لەو پێوەرە گرنگانەی هەولێری کردە دەستەخوشکی ناشڤێڵ بوونی ژمارەیەکی زۆری رەوەندی کوردی و رۆڵیانە لە کایە گرنگەکانی ئەم شارەدا، ئێستا هەزاران کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان چالاکانە بەشدارن لە بوونیاتنانی ژێرخانی ناشڤێڵ.