رێژەی نەخوێندەواری لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە ساڵی رابردوو کەمیکردووە

K24 – هەولێر:

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وه‌بیرهێنانەوەی کۆمەڵگەكان کە خوێندەواری مافێکە لە مافەکانی مرۆڤ و بنەمایەکە بۆ پڕۆسەی پەروەردە رۆژی 8ـی ئەیلوولی هەموو ساڵێکی تایبەت کردووە بە رۆژی جیهانی نەهێشتنی نەخوێندەواری، بەپێی رووپێوی دەستەی ئاماریش رێژەی %16ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان نەخوێندەوارن، ئەم رێژەیەش  بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمیکردووە.

محەممەد بارزان، کاسبکار، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، نەخوێندەواری زۆر کێشەی بۆ دروستکردووە، دەچێتە هەر شوێنێک و کۆمپانیایەک، کێشەی بۆ دروستدەبێت دەڵێن،"وەرتناگرین بەهۆی ئەوەی خوێندەواریت نییە"، تەنانەت لە بەکارهێنانی مۆبایلیش کێشەی بۆ دروستبووە ناتوانێت ناوی کەسەکان تۆمار بکات.

بە گوێرەی پێوەرە نوێیەکانی نێودەوڵەتی  نەخوێندەواری واتا هەر کەسێک تەمەنی بگاتە 12 ساڵان و نەتوانێ بخوێنێ، بنووسێ، بژمێرێ و نەچوبێتە بەر خوێندن و دامەزراوەیەکی پەروەردەی، پسپۆڕانیش ئاماژە بەوە دەکەن، یەکێک لە پێوەرەکانی خوێندەواری ئێستا پەیوەندی بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاوە هەیە.

لەلایەن خۆیەوە، ئالان عەلی، پسپۆڕی کۆمەڵناسی و پەروەردەی، بۆ کوردستان24، گوتی: قسە لەسەر خوێندن بکەین لە وڵاتی خۆماندا بە تایبەت لە عێراق لە پێش ساڵی 1950ـەوە خوێدن تەنیا بریتیبوو لە خوێندنەوە و نووسین، ئەلفوبێیەکەی زاینیبێت بە خوێندەوار لە قەڵەمدراوە، بەڵام لە دوای ساڵی 1950ـەوە ئەم روانگەیە گۆڕاوە، لە روانگەی توێژەران و ئەو کەسانەی کە کار لەسەر ئەو بابەتە دەکەن خوێندەواری گۆڕانکاری تێدا کراوە.

بەپێێ دواین راپرسی دەستەی ئاماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە پەنابەران و ئاوارەکانەوە حەوت ملیۆن و 426 هەزار کەسە، لەو رێژەیەش %16ـی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان نەخوێندەوارن و ریژەی %18ـەش توانای خویندنەوە و نوسینیان هەیە، بەڵام بڕوانامەیان نییە، هەروەها لە هەرێمی کوردستان رێژەی نەخوێندەواری بەراورد بە ساڵی رابروو کەمیکردووە.