فرەزمانی لە خوێندنی باڵای هەرێمی کوردستاندا

Kurd24

لە خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستاندا چەندین زمان بۆ خوێندن بەکاردێن، بەتایبەتی هەرسێ زمانی کوردی، عەرەبی و ئینگلیزی. ئێستا لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، لە بەشە پزیشکی، ئەندازیارییەکان و هەندێک بەشی زانستی پەتی، زمانی خوێندن ئینگلیزییە، لە بەشە کارگێڕی و داراییەکان هەردوو زمانی کوردی و عەرەبی بەکاردێن، لە بەشە کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتییەکانی وەکو کۆمەڵناسی، مێژوو، جوگرافیا و ڕاگەیاندن بەزۆری زمانی کوردی بەکاردەهێنرێن. ئەمە جگە لە زانکۆ نێودەوڵەتییەکانی هەرێم کە ئینگلیزی تاکە زمانی خوێندنە.

ئەم فرەزمانییە لە خوێندندا دەکرێت وەکو هەلێک سەیر بکرێت کە چەندین سوودی بۆ فێرخوازان هەیە، لەلایەکی دیكەوە دەکرێت وەکو بەرەنگارییەک سەیر بکرێت، کە لەوانەیە کاریگەری نێگەتیڤی لەسەر زمانی دایک و فێرخوازان هەبێت. لەم وتارەدا هەوڵدەدەین هەردوو لایەنی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤی فرەزمانی لە خوێندنی زانکۆییدا بخەینەڕوو.

سەرەتا با بزانین فرەزمانی چییە و چی دەگرێتەوە. فرەزمانی (Multilingualism) چەمکێکی کۆنە و لە لاتینی و رۆمانی بەکارهێنراوە و بۆ یەکەمجار لە ساڵانی (1800) لە زمانی ئینگلیزی دەرکەوتووە، کە لە دوو بڕگە پێکهاتووە، Multi بە مانای (فرە) و lingual بە مانای زمان دێت. کەواتە ئەم چەمکە بۆ ئەو کەسانە بەکاردێت کە توانای پەیوەندیکردن و قسەکردنیان بە زیاتر لە دوو زمان هەیە، هەروەها بۆ ئەو کۆمەڵگەیانەش بەکاردێت کە تێیاندا زیاتر لە دوو زمان بەکاردێت. لە ئێستاشدا ئەم چەمکە بۆ ئەو ناوەندە ئەکادیمی و زمانیانەش بەکاردێت کە تێیاندا زیاتر لە دوو زمان بەکاردێت، وەکو خوێندنگەی فرەزمان و زانکۆی فرەزمان.

زۆربەی توێژینەوەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە فرەزمانی سوودی زۆرە، وەکو هەلێکی لەباری پێشکەوتن بۆ تاکەکەس، دەزگا و وڵاتەکان سەیر دەکرێت

چەندین توێژینەوە کراوە لەسەر لایەنە باش و خراپەکانی فرەزمانی، زۆربەی توێژینەوەکان ئەوە دووپات دەکەنەوە کە فرەزمانی سوودی زۆرە، وەکو هەلێکی لەباری پێشکەوتن بۆ تاکەکەس، دەزگا و وڵاتەکان سەیر دەکرێت. لەسەر ئاستی تاکەکەسی سوودی بۆ مێشکی کەسەکان هەیە، ئەگەر کەسێک بە چەند زمانێک قسە بکات، ئەوا توانای مێشکی ئەو کەسە زۆر فراوان دەبێت و توانای بیرکردنەوەی باشتر دەبێت، هەروەها ئەم کەسانە کەمتر تووشی نەخۆشییە مێشکی و دەروونییەکان دەبن و زیاتر متمانەیان بەخۆیان دەبێت. هاوكات کەسانی فرەزمان هەلی کارکردن و وەرگرتنی پۆستی گرنگیان زیاترە لە کەسانێک کە دەتوانن تەنها بە یەک یان دوو زمان قسە بکەن. بێگومان مەبەستمان لە قسەکردنیش تەنها توانای گفتوگۆ نییە، بەڵکو هەموو بەهرەکانی پەیوەندیکردن دەگرێتەوە لە تێگەیشتن، قسەکردن، خوێندنەوە و نووسین. کەسانی فرەزمان شارەزاییان بە کۆنتێکست و کەلتوورە جیاوازەکان زیاترە، لەبەرئەوە توانای کارکردنیان لەگەڵ خەڵک و گرووپی جیاواز دەبێت و ترس، شەرم و دڵەڕاوکێیان کەمتر دەبێت. توێژینەوەکان ئەوەشیان دەرخستووە کە تەنها فێربوونی زمانی دووەم زەحمەتە، چونکە دواتر مێشک توانای ئەوە پەیدا دەکات کە بە ئاسانی چەندین زمانی تر وەرگرێت.

ئەو وڵاتانەش کە چەندین زمان تێیاندا بەکاردێت لە ڕووی کەلتووری و ئابوورییەوە دەوڵەمەندتر دەبن

ئەو دەزگا و کۆمپانیانەی زیاتر لە زمانێک بەکاردەهێنن هەلی پەیوەندیکردن و مامەڵە و قازانجی زیاتریان هەیە، لە کۆنتێکستی لۆکاڵییەوە دەردەچن و ڕەهەندی نێودەوڵەتی وەردەگرن، هەروەها ئەو وڵاتانەش کە چەندین زمان تێیاندا بەکاردێت لە ڕووی کەلتووری و ئابوورییەوە دەوڵەمەندتر دەبن، خەڵکانێکی زۆر لە هەموو جیهانەوە بۆ بازرگانی و گەشتوگوزار ڕوویان تێدەکەن.

توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە باش نییە منداڵان لە تەمەنێکی زوودا ڕووبەڕووی فرەزمانی بکرێنەوە، وا چاکترە منداڵ سەرەتا بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی زمانی دایک بکات، ئینجا فێری زمانەکانی تر ببێت

هەرچەندە فرەزمانی سوودی زۆرە، بەڵام بێ کێشە و گرفت و بەرەنگاریش نییە. ئەو فێرخوازانەی کە بەشێوەی فرەزمانی پەروەردە دەکرێن، لە دواییدا بە زەحمەت دەتوانن پەیوەندی لەگەڵ ئەندامانی خێزانەکانیان و کۆمەڵگەکەی خۆیان بکەن، واتە فرەزمانی بەشێوەیەکی نێگەتیڤانە کار لە زمانی دایک و کەلتووری خۆماڵی دەکات. هەربۆیە توێژینەوەکان باس لەوە دەکەن کە باش نییە منداڵان لە تەمەنێکی زوودا ڕووبەڕووی فرەزمانی بکرێنەوە، وا چاکترە منداڵ سەرەتا بە تەواوەتی کۆنتڕۆڵی زمانی دایک بکات، ئینجا فێری زمانەکانی تر ببێت، ئەگەرنا هەم مێشکیان ماندوو دەبێت و هەم زمانەکانیش باش فێر نابن. یەکێکی دیكە لە بەرەنگارییەکان ئەوەیە کە کەسانی فرەزمان ناتوانن لە یەک کاتدا بەتەواوی کۆنتڕۆڵی رێزمان و گۆکردنی چەندین زمان بکەن. هەروەها لە ڕووی زانستیشەوە، لەبەرئەوەی فێربوونی ئەم هەموو زمانە ئەرک و وزە و کاتێکی زۆری دەوێت، بۆیە فێرخوازان لەوانەیە بەوە ڕانەگەن کە ماددە زانیستییەکان بەباشی بخوێنن، بۆیە دەبینین هەندێك کەس چەند زمانێک دەزانن، بەڵام لە بابەتە زانستییەکان باش نین. لەگەڵ ئەوەی کە فرەزمانی باجی خۆی هەیە، بەڵام سوودەکانی ئەوە دەهێنن کە مرۆڤ خۆی بۆ ماندوو بکا و کات و وزەی خۆی لێ خەرج بکات.

یەکێکی تر لە بەرەنگارییەکان کە لەوانەیە ڕووبەڕووی وڵاتە فرەزمانەکان ببێتەوە ئەوەیە کە کێشە و ململانێی ناوخۆیی زیاتر دەکات، بەتایبەتی بۆ وڵاتانی خۆرهەڵات. لەبەرئەوەی ئەم وڵاتانە چەندین کەلتوور، ئیتنیک و زمانی جیاجیایان تێدایە، هەندێكجار بەریەکەوتن لە نێوان ئەم خاوەن زمانە جیایانە ڕوودەدات و کێشە و نائارامی دروست دەبێت. هەرچەندە ئەم بابەتە ئێستا لە ئەوروپا چارەسەر کراوە، بەڵام ئەوانیش پێشتر تووشی ئەم جۆرە بەریەککەوتنانە بوونەتەوە.

ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی گرنگییەکی زۆر بە فرەزمانی لە خوێندنی باڵادا دەدەن. ئەم وڵاتانە خۆیان فرەکەلتوور و فرەزمانن، چەندین نەتەوە و گرووپی ئیتنیکی جیاجیا تێیاندا دەژین، ئەوە جگە لە ملیۆنان پەنابەر و کۆچبەر، هەروەها ئەوانەی بەمەبەستی خوێندن ڕوو لەم وڵاتانە دەکەن، بۆیە سیاسەتی فرەزمانی پەیڕەو دەکەن. وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا کە بەوە ناسرابوو لە ڕووی زمانەوە زۆر ڕەگەزپەرستن، کەچی ئێستا لە زانکۆکانی ئەم وڵاتە پڕۆگرامی خوێندن بە چەندین زمان هەیە، یەکێک لەو زمانانە زمانی ئینگلیزییە، چونکە لەوە تێگەیشتوون کە فرەزمانی هەلێکی زێڕینە بۆ دەوڵەمەندکردنی کەلتوور، مەعریفە و زانست. ئێستا رێکخراوی یونسکۆ زۆر گرنگی بە فرەزمانی دەدات و چەندین پڕۆگرامی گەورە لە ئەوروپا و خۆرهەڵاتیش بۆ ئەم مەبەستە بەڕێوەدەبات.

کوردستان هیچی لە وڵاتانی دەورووبەری وەکو تورکیا و ئوردن کەمتر نییە. هەموو ئەو فاکتەرانەی تێدایە کە ببێتە ناوەندێکی خوێندنی نێودەوڵەتی، ئەگەر پلان و ستراتیژیەتێکی باش بۆ ئەم مەبەستە دابڕێژرێت

فرەزمانی لەوانەیە بۆ ناوەندەکانی خوێندن و زانکۆکان سوودی زۆری هەبێت، لەلایەکەوە سەرنجی زیاتری فێرخوازان بۆ ئەم دەزگایانە ڕادەکێشێت، بەتایبەتی فێرخوازی بیانی و نێودەوڵەتی، کە لەم سەردەمەدا سەرچاوەیەکی باشی دارایی و فرەکەلتووری و بەنێودەوڵەتیبوونی زانکۆکانە، بەتایبەتی بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان کە زۆر پێویستییان بە ڕەهەندی نێودەوڵەتیبوون هەیە، هەم بۆ بەرزکردنەوەی ڕیزبەندی خۆیان، هەم بۆ پەیداکردنی سەرچاوەی داهات. کوردستان هیچی لە وڵاتانی دەورووبەری وەکو تورکیا و ئوردن کەمتر نییە. هەموو ئەو فاکتەرانەی تێدایە کە ببێتە ناوەندێکی خوێندنی نێودەوڵەتی، ئەگەر پلان و ستراتیژیەتێکی باش بۆ ئەم مەبەستە دابڕێژرێت. وڵاتێکی وەکو قوبرسی تورکی، کە لە ڕووی سیاسییەوە زۆر لە کوردستان دەچێت، تائێستا لەلایەن زۆربەی وڵاتانەوە دانی پێنەنراوە، توانیویەتی بە سەدان هەزار قوتابی بیانی ڕابکێشێت بۆ زانکۆکانی، ئەمەش بۆتە سەرچاوەیەکی باشی ئابووری نەک تەنها بۆ زانکۆکانی، بەڵکو بۆ وڵاتەکەش.

لەوانەیە هەندێك کەس پێیان وابێ کە خوێندن بە زمانی ئینگلیزی مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر زمانی دایک، ئەمەش لە ڕووی زانستییەوە تا ڕادەیەک ڕاستە، بەڵام پشتگوێخستنی ئینگلیزیش لە خوێندنی باڵادا مەترسییەکی گەورەیە و دەبێتە هۆی دابڕان و دواکەوتن لە کاروانی زانست و مەعریفە.

لە سیستەمی خوێندنی باڵای زۆربەی ئەو وڵاتانەی کە فرەزمانی پەیڕەو دەکەن زمانی ئینگلیزی یەکێکە لەو زمانانەی کە لە خوێندنی زانکۆییدا بەکاردەهێنرێت. هەتا ئەو وڵاتانەش کە زۆر پارێزگارن و زمانی خۆیان لە هەموو زمانەکان پێ باشترە، ئێستا بە ناچاری بە لایەنی کەمەوە لە پڕۆگرامەکانی دکتۆرا و ماستەردا زمانی ئینگلیزی بەکاردەهێنن. وڵاتێکی وەکو تورکیا کە پێشتر جگە لە زمانی تورکی هیچ زمانێکی دیكە لە خوێندن بەکارنەدەهات، هەنووكە لە زۆربەی زانکۆکانیدا پڕۆگرامی دکتۆرا و ماستەر و هەندێكجار بەکالۆریۆسیش بە زمانی ئینگلیزی هەیە. لەوانەیە هەندێك کەس پێیان وابێ کە خوێندن بە زمانی ئینگلیزی مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر زمانی دایک، ئەمەش لە ڕووی زانستییەوە تا ڕادەیەک ڕاستە، بەڵام پشتگوێخستنی ئینگلیزیش لە خوێندنی باڵادا مەترسییەکی گەورەیە و دەبێتە هۆی دابڕان و دواکەوتن لە کاروانی زانست و مەعریفە. ئەگەر باسی سەرچاوە زانستییەکان بکەین و بێین لە ئینتەرنێت بەدوای بابەتێکی زانستی بگەڕێین، بە سەدان و بگرە بە هەزاران سەرچاوەی زانستیمان بە زمانی ئینگلیزی دەست دەکەوێت، لەوانەیە بە زمانی عەرەبی یان تورکی یان فارسی تەنها چەند سەرچاوەیەکمان دەست بکەوێت، بەڵام بە زمانی کوردی بەداخەوە لەوانەیە یەک سەرچاوەی ئەلیکترۆنیشیمان دەست نەکەوێت.

دەبێت ستراتیژیەتی پاراستنی زمانی کوردی لەم هەرێمەدا بەهەند وەربگیرێت و کاری ڕژدی لەسەر بکرێت

بابەتی پاراستنی زمانی نەتەوەیی (دایك) بابەتێکی ڕژدە و پێویستی بە هەڵوەستەکردنێکی ڕژدە، بەتایبەتی بۆ نەتەوەیەکی وەکو کورد لە هەرێمێکی پڕ لە کێشمەکێش و ململانێ. سیستەمی پەروەردە و خوێندن رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە پاراستنی زمانی دایک، بۆیە دەبێت ستراتیژیەتی پاراستنی زمانی کوردی لەم هەرێمەدا بەهەند وەربگیرێت و کاری ڕژدی لەسەر بکرێت. بەشێک لە توێژینەوە زمانەوانییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە بۆئەوەی منداڵ بە تەواوی فێری زمانی دایک بێت، پێویستە لە قۆناخی سەرەتاییدا بە زمانی دایک بخوێنێت، بەڵام پاش ئەوەی کۆنتڕۆڵی زمانی دایکی کرد، ئاساییە دەست بە فێربوونی زمانێکی تر بکات، بەڵکو چەند زمانێک فێرببێت، هەربۆیە لە خوێندنی باڵادا ئاساییە فێرخواز بە زمانەکانی تر بخوێنێت و فێری چەندنین زمان ببێت.

هەرێمی کوردستان پێویستی بە سیاسەت و پلانی بەڕێوەبردنی زمان هەیە. وەکو هەرێمێکی فرەکەلتوور و فرەزمان، کە لە خوێندندا جگە لە زمانی کوردی، زمانی ئینگلیزی و عەرەبیش لە زۆربەی خوێندنگە، زانکۆ، کۆلێژ و پەیمانگەکان بەکاردەهێنرێن، ئەمە جگە لە هەندێک خوێندنگەی تایبەت بە کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکانی وەکو ئاشووری و تورکمانی، کە تێیاندا زمانەکانی ئاشووری و تورکمانی بۆ خوێندن بەکاردێن، ئەمەش پێویستی بە ئیدارەدانێکی باش هەیە بەشێوەیەک مافی هەموو ئایین و ئایینـزا و نەتەوەکانی کوردستان پارێزراو بن، هاوكات زمانی کوردی پارێزراو بێت، کە یەکێکە لە فاکتەرە هەرە گرنگەکانی ناسنامەی نەتەوەیی، بەگوێرەی دەستووری عێراقیش زمانێکی فەرمییە، هەروەها زمانی ئینگلیزیش بەشێوەیەکی وا بەکاربێت کە خەڵکی کوردستان سوودی لێ ببینن و بەهۆیەوە لەگەڵ کاروانی جیهانگەرایی، پێشکەوتن، زانست و تەکنۆلۆژیا ڕێبکەن. لەلایەکی دیكەوە نابێت بە پاساوی پاراستنی زمانی کوردی بەربەست بۆ بەکارهێنان و فێربوونی زمانەکانی تر دروست بکرێن، بەتایبەتی زمانی ئینگلیزی کە ئەمڕۆ پێویستییەکی هەنووكەیی پێشکەوتن، تەکنۆلۆژیا، پەیوەندیکردن، خوێندن، زانست و مەعریفەیە. ئەوە جگە لەوەی کە فرەزمانی، لە تەمەنێکی پێگەیشتوودا، پێویستییەکی تەندروستییە بۆ پاراستن و کرانەوە و فراوانبوونی هزر و مێشکی مرۆڤەکان، کە بەگوێرەی توێژینەوەکان، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە دوورخستنەوەی مرۆڤ لە نەخۆشییە دەروونی و مێشکییەکان.  

سەرچاوەکان:

European Commission. (2013) European higher education- in the world. Communication to the European Parliament, the Council, the European Economic and Social Committee and the Committee of the Regions

Jukil, A. (2005). Language status profile of Erbil City. Zanko Journal, 25

King and Carso (2016). The Multilingual City, Vitality, Conflict and Change, Multilingual Matters, Bristol

MacSwan, J. (2017) A multilingual perspective on translanguaging. American Educational Research Journal 54 (1), 167–201

Talabany, N. (2013). The proposed constitution for the Iraqi Kurdistan Region at 1992. Erbil: Haji Hashim Printing Press. Kurdish Academy Journal, 1

Wächter, B. & F. Maiworm, F. (eds). (2014) English-Taught Programmes in European Higher Education. The State of Play in 2014. Lemmens. ACA Papers on International Cooperation in Education