ئەحمەد ئەبیەز: حکومەتی عێراق کێشەی هەیە و رێککەوتنەکان جێبەجێ ناکات

ئەحمەد ئەبیەز، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی
ئەحمەد ئەبیەز، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی

K24 – هەولێر:

گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، ئاماژە بەوەدەکات، له‌ به‌غدا گرووپ و میلیشیا حوكم ده‌كه‌ن و کۆنتڕۆڵی حوکمڕانی عێراقیان کردووە، هاوکات دەشڵێت: ئێران ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری عێراق ده‌كات و فشار له‌سه‌ر لایه‌نه سیاسییەکانی عێراقیش ده‌كات.

ئەحمەد ئەبیەز، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، لایه‌نێكی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ نه‌فه‌سێكی شۆڤێنی له‌گه‌ڵ كورد مامه‌ڵه‌ ده‌كات و ناهێڵن رێککەوتنی هەولێر و بەغدا وەک خۆی جێبەجێ بکرێت.

راشیگەیاند، لە عێراق میلیشیا و دەستواردانی ئێران لە عێراق هەیە بۆیە ناهێڵن عێراق هەرگیزی سەقامگیر بێت و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاسیی بێتەوە، بەمهۆیەوە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان باجەکەی دەدەن، هەروەها ئێران دەیەوێت هەرێمی کوردستانیش کۆنتڕۆڵ بکات.

ئەحمەد ئەبیەز، دەڵێت: بەدەر لە ئێران وڵاتی تورکیاش دەیەوێت لە رێگەی هێرشکردنە سەر چەکدارانی پەکەکە خۆی بخزێنتە ناو کێشەکانی عێراق و ئەویش هاوشێوەی ئێران دەیەوێت دەستوەردان بکات لە کاروباری عێراق.

گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، روونیکردەوە، ئەو لایەنانەی کە چەکدارن بڕوایان بە فیدراڵی نییە و دەیانەوێت عێراقێکی لاوازیان هەبێت تەنیا بەرامبەر کورد نا بەڵکو بەرامبەر عەرەبەکانیش، "دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی کوردەکانەوە لە بەرامبەر ئەوەی هێزەکانی عێراق خەڵکی کەرکووکیان کوشت ئەمەش ئەوە نیشاندەدات کە لە خۆپیشاندانی تشرینەکانیش ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتییانیان کووشت".

ئەحمەد ئەبیەز، گوتی: هەرێمی کوردستان کاردەکات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق، بەڵام لە بەرانبەردا عێراق بەو شێوەی هەرێم هەنگاو نانێت و سەرجەم هەنگاوەکانی دژی هەرێمی کوردستانە.

گوتیشی: هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی ئارامە و خەڵکی ناوچەوکانی دیکەی عێراق دێن لە هەرێمی کوردستان دەژین، چونکە ئەوان دەزانن دەتوانن بە ئارامی لە هەرێمی کوردستان بژین، ئەو ئارامی و سەقامگیرییە لە عێراق بوونی نییە.

گوته‌بێژی هاوپه‌یمانی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی، ئەوەشی ئاشکراکرد، حکومەتی عیراق کێشەی هەیە و هیچ بەرنامەیەکی سیاسی و رێککەوتنێک جێبەجێ ناکات.

ئەمڕۆ هەینی (8ـی ئەیلوولی 2023)، شێروان دووبه‌ردانی، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، ئه‌و كێشانه‌ی له‌ ئه‌مڕۆدا حكوومه‌تی فیدڕاڵ بۆ هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵك و مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان دروستیكردووه‌، ئه‌وه‌یه‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی خستووه‌ته‌ سه‌ر خه‌رجییه‌ راسته‌قینه‌كان "النفقات الفعلیة" كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ هیچ شوێنێكی جیهان بوونی نییه‌.

دووبه‌ردانی هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌غدا نایه‌وێت پابه‌ندی بوودجه‌ی ساڵی 2023 و ئه‌و رێككه‌وتنانه‌ی له‌و باره‌یه‌وه‌ كراون، ببێت. روونیشیكرده‌وه‌، به‌پێی ده‌ستوور، حكومه‌تی فیدڕاڵ پابه‌ند كراوه‌ ده‌بێت پشكی هه‌رێمی كوردستان بنێریت، به‌ڵام به‌غدا ئه‌وه‌ ناكات و هه‌وڵ ده‌دات وه‌كو پارێزگا و قه‌زا و ناحییه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بكات.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ باسی له‌وه‌ش كرد، كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ 9ـی ئه‌یلوولی 2023ـی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت هیچ ئه‌نجامێكی نابێت. جه‌ختیشیكرده‌وه‌، هه‌ندێك له‌ وڵاتانی هه‌رێمی و هه‌ندێك لایه‌نی سیاسی ده‌یانه‌وێت قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان بخه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و پیلانێكی گه‌وره‌ی له‌سه‌ره‌.