هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گفتوگۆ لەسەر پشکی هەرێمی کوردستان دەکات

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

بڕیارە ئەمڕۆ هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە بەغدا کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق و دۆخی ئەمنی کەرکووک بکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا، فوئاد حوسێن و شاخەوان عەبدوڵڵا وەک نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان بەشداری لە کۆبوونەوەکەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکەن و نیگەرانییەکانی پارتی لەسەر نەناردنی پشکی هەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران دەگەیەنێتە لایەنەکانی بەڕێوەبەربردنی دەوڵەت، چونکە رێککەوتنی پارتی بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نوێی حکومەتی عێراق لەگەڵ ئەوان بووە نەک محەممەد شیاع سوودانی.

کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە کە تائێستا حکومەتی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی لە بودجەی گشتی رەوانە نەکردووە و مووچەی مانگی تەممووز و ئابی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش نەکراوە.

بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنن، ئەوان پابەندییەکانی لە یاسای بودجە جێبەجێکردووە، بەڵام حکومەتی عێراق پابەند نییە بە یاسا و رێککەوتنەکان.

لە دوایین راگەیەندراودا لەبارەی بودجە و شایستە داراییەکان، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وەڵامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئەمساڵ مووچەی مووچەخۆرانی ناوچەکانی دیکەی عێراق بەپێی ژمارەکانی هاتوو لە خشتەکانی یاسای بودجە، لە کاتی خۆیدا دابەش کراوە، کەچی تەنها بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان پێوەری ئینفاقی فیعلی پەیڕەو کراوە کە لەمەشدا کار لەسەر رێکارێکی جیاواز کراوە ئەویش میکانیزمی قەرزە، کە لە هیچ شوێنێکی دیکەی عێراق ئەمە ڕووی نەداوە بە قەرز، ماف و مووچە بدرێتە فەرمانبەر، بەڵكوو مووچەی مووچەخۆران بە پێی شایستەیی خۆیان دابەشکراوە".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردووە، دوایین بڕە پارە کە بڕیاری لێدراوە، (500) ملیار دینارە بە شێوازی قەرز. ئەوان دەڵێن داهاتی ئێمە بریتییە لە (320) ملیار دینار، ئەگەر ئەم دوو بڕە پارەیەش کۆ بکەینەوە هێشتا ناکاتە کۆی گشتی شایستەی مانگانەی هەرێم کە دەکاتە (1) ترلیۆن و (375) ملیار دینار کە لە یاسای بودجەدا هاتووە.