رۆژنامەنووسێکی عێراقی داوای دادگاییکردنی یەزیدی کوڕی معاویە دەکات

K24 - هەولێر

بانگهێشتنامەکەی رۆژنامەنووسێکی عێراقی مشتومڕێکی بەرفراوانی لە سۆشیال میدیادا بەدوای خۆیدا هێنا، دوای ئەوەی رایگەیاند، کە پارێزەرانی عێراقی بە دوای تۆمارکردنی سکاڵای یاساییدان لەسەر خەلیفەی ئەمەوی یەزید کوڕی موعاویە، بەهۆی کوشتنی ئیمام حوسێن کوڕی ئیمام عەلی، ئەمە سکاڵایەش نزیکەی 14 سەدە دوای رووداوەکە دێت.

پێشکەشکاری کەناڵی "ئای نیوز"ی عێراقی حیسام ئەلبەهادلی رایگەیاند، "چالاکوانانی مافی مرۆڤی عێراقی هەوڵدەدەن ژمارەیەک سکاڵا لە چەند دادگایەکی عێراق تۆمار بکەن، بابەتەکەش دژی تۆمەتبار، یەزیدی کوڕی موعاویەیە تۆمار بکەن بە تۆمەتی کوشتنی ئیمام حوسێن و شێواندنی جەستەی و کوشتنی خێزان و هاوەڵەکانی"، بە بڕوای شیعەکان ئەو بکوژی ئیمام حوسێنە.

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەوانەی داوای دادگاییکردنی یەزید دەکەن پێیان وایە ئەم داوایە یاساییانە راستەقینەن و بنەمایەکی بنەڕەتییان هەیە، کە ئەمەش ناکۆک نییە لەگەڵ سنووردارکردنی کات، بەو پێیەی مافەکان بە یاسای بەسەرچوونەوە تێناپەڕن، هەروەها گرنگی داواکانی یاسایی لە رووی یاساییەوە پشتڕاستکردنەوەی مێژووییە بۆ ئەوەی کە تاوانەکان ئەنجامدراون، یاسایەک بۆ لابردنی ئەو سەرلێشێواوییەی کە هەندێک کەس لەم رووەوە دروستی دەکەن".

ئەلبەهادلی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: ئەو کەیسانەی ئاماژەیان پێکراوە بریتین لە کوشتنی بە ئەنقەست، بڕینی بەشەکانی جەستەی مردووەکان، دزیکردن و تۆمەتی دیکە، کە نوێنەرایەتی مافە گشتی و کەسییەکان دەکەن.

ئەو لێدوانەی ئەو رۆژنامەنووسە عێراقییە هاوکات بوو لەگەڵ کۆتایی هاتنی زیارەتەکەی چلەی ئیمام حوسێن کە شیعەکان هەموو ساڵێک ئەنجامی دەدەن بە سەردانیکردنی مەزاری ئیمام حسێن نەوەى پێغەمبەر، دروودی خوای لێبێت، لە شاری کەربەلاى عێراق.

ئەو رۆژنامەنووسە، لە سۆشیال میدیادا مشتومڕێکی بەرفراوانی لێکەوتەوە و هەندێک سەرسوڕمانی خۆیان لەو بیرۆکەیە دەربڕی، عێراقییەکان دەڵێن: ئەو راگەیەندراوە هەوڵێکە لەلایەن ئەو هێزانەی کە ئێران بانگهێشتی کردوون بۆ هاندانی شەقامی عێراقی بە تائیفەگەری هاوکات لەگەڵ بۆنە ئاینییەکان، لە کاتێکدا عێراق بە چەند قەیرانێکی خراپدا تێدەپەڕێت.

هەندێکی تریش ناڕەزایی خۆیان لەو بیرۆکەیە دەربڕی، بەتایبەتی کە بانگەشە بۆ رووداوێکی مێژوویی دەکەن، کە زیاتر لە 1400 ساڵ لەمەوبەر روویداوە، بە ئامانجی دابەشکردنی ئەو وڵاتانەی کە بەهۆی تائیفەگەرییەوە وێران بوون.

ساڵانە شیعە مەزهەبەکان لە 10ـی موحەڕەم و 20ـی مانگی سەفەر سەردانی مەزاری ئیمام حوسێن لە کەربەلا دەکەن.