فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان سنووری قەزای ماوەتی بۆردوومانکرد

ئاگرێک کە بەهۆی بۆردوومانەوە لە سنووری ماوەت کەوتووەتەوە (ئەرشیف)
ئاگرێک کە بەهۆی بۆردوومانەوە لە سنووری ماوەت کەوتووەتەوە (ئەرشیف)

K24 - هەولێر

فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان سنووری قەزای ماوەتی بۆردوومانکرد. قائیمقامی قەزاکە دەڵێت، بەهۆی بۆردوومانەکەوە ئاگرێک کەوتووەتەوە، بەڵام هیچ زیانیێکی گیانی نەبووە.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، کامەران حەسەن، قائیمقامی قەزای ماوەت بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بەیانی ئەمڕۆ لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە، گوندی باساوێ لە سنووری قەزای ماوەت بۆردوومان کرا".

بۆردوومانەکە وەکو ئەوەی قائیمقامی قەزای ماوەت  باسی کرد، "نزیکەی کاتژمێر 09:10ـی بەیانی ئەمڕۆ کراوە، بەهۆیەوە ئاگرێک کەوتووەتەوە و، لە هەوڵی کۆنتڕۆڵ کردنیدان".

لەبارەی زیانە گیانییەکانی بۆردوومانەکە، کامەران حەسەن گوتی: "هیچ هاووڵاتیەکی سنووری قەزاری ماوەت بەهۆی بۆردوومانەکەوە زیانی بەرنەکەوتووە".

ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی 4ـی حوزەیرانی 2023، فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان دوو چەکداری پەکەکەی  لە ناوچەی دۆڵی سوێیەڵە، لەنێوان گوندەکانی گەڵاڵە و قامیش، لە سنووری قەزای ماوەی کردنە ئامانج.

بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە لەناوچەکە، لە ماوەی رابردوداو چەندین جار ناوچەکە بۆردوومانکراوە و زیانی گیانی و ماددی زۆر بە دانیشتووانی گوند و شارۆچکەکانی ناوچە سنوورییەکان گەیشتووە.