ئاماری کۆلێرا لە هەولێر ئاشکراکرا

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – هەولێر

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، 10 حاڵەتی کۆلێرا لە هەولێر پشتڕاستکراوەتەوە.

سامان به‌رزنجی، وه‌زیری ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "نه‌خۆشی كۆلێرا یەکەمجار نییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق تۆمار دەکرێت، ناوچەکە بە گشتی ناسراوە بە بوونی بەکتیرای کۆلێرا، كێشه‌یه‌كه‌ و هۆكاره‌كانی زۆرن".

گوتیشی: "راستە حاڵەتەکانی کۆلێرا لە سلێمانی زۆرە، بەڵام له‌ هه‌ولێر و گه‌رمیانیش حاڵه‌تی تووشبوون به‌ كۆلێرا هه‌یه‌، له‌ هه‌ولێر 10 حاڵه‌تی پشتڕاستكراوه‌ی كۆلێرا تۆماركراون، نەخۆشییەکە گوازراوەیە و ئەگەر لە شارێک هەبێت لە شارەکانی دیکەش بڵاودەبێتەوە، واتا ئەگەر لە سلێمانی هەبێت لە هەولێر و لە دهۆکیش بڵاودەبێتەوە".

ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاندبوو، کە نەخۆشی کۆلێرا لە سنووری سلێمانی بڵاوبووەتەوە و چەند رێنماییەکیشیان بۆ خۆپاراستنی هاووڵاتییان بڵاوکردەوە.

رێنماییەکانی خۆپاراستن لە کۆلێرا:

1- پێویستە تانكی ئاوی خواردنەوە بەبەردەوامی پاك بكرێتەوە، بۆ نمونە لانی كەم شەش مانگ جارێك و دەبێت تانكی ئاوەكان بەبەردەوام سەری داپۆشراوبێت.

2- سەوزە و میوە بەباشی بشۆردرێتەوە بەماددەی پەرمەنگەناتی پۆتاسیۆم.

3- خواردنی سەر عەرەبانە و دەست گێڕەكان مەترسیدارن و خۆیان لێ بپارێزە بۆ دووربونت لە نەخۆشی سكچوون.

4- لەكاتی بینینی هەر سەرپێچییەك كە زیان بە تەندروستی هاووڵاتیان بگەیەنێت، پێویستە نزیكترین بنكەی تەندروستی یاخود بەڕێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لێ ئاگادار بكەرەوە.

5- دڵنیابە لە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەكەت  و پاك و خاوێن  ڕاگرتنی.

6- نەخواردنی ئەو بەروبوومانەی كە بە ئاوی قورس و پیس ئاو دەدرێت.

7- شوشتنی دەستەكانت بەباشی پێش ئامادەكردنی خواردنەكان و دوای چوونە تەوالێت و پێش نان خواردن.

8- تەنها بەفرگری ماڵەكانتان بەكاربهێنن بۆ ساردكردنی ئاوی خواردنەوە، بەهیچ شێوەیەك سەهۆڵ و بەفری سەرجادە و كۆڵانەكان بەكار مەهێنە ڕەنگە بە ئاوی پاكژكراو دروست نەكرابێت.