ژمارەی گیانلەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەغریب بۆ 822 کەس بەرزبووەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی مەغریب گیانلەدەستدانی 822 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 670 کەسی دیکە بەهۆی بوومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەو وڵاتە ڕادەگەیەنێت.

ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئەیلوولی 2023، وەزارەتی ناوخۆی مەغریب لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا بەهۆی بوومەلەزرەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی ئەو وڵاتە گیانیان لەدەستداوە، بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە و تا ئێستا 822 کەس گیانیان لەدەستداوە.

وەزارەتی ناوخۆی مەغریب ئەوەشی خستووەتەڕوو، بەهۆی بوومەلەرزەکەوە، زیاتر لە 670 هاووڵاتیی دیکەش بریندرارن و برینی بەشێکیان سەختە و ڕەوانەی نەخۆشخانەکان کراون بۆ ئەوەی چارەسەریی پزیشکی وەربگرن.

وەکو ئەوەی وەزارەتەکە ئاماژەی پێ کردووە، تیمەکانی بەرگریی شارستانی بەردەوامن لە رزگارکردنی هاووڵاتییان لە ژێر داروپەردووی باڵەخانە رووخاوەکاندا و تا ئێستا دەیان هاووڵاتییان رزگارکردووە.

هاوکات پەیمانگەی جیۆلۆجی مەغریب لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، بوومەلەرزەکە بە 7.2 پلەی رێختەر روویداوە و بەهێزترین بووە لە ماوەی یەک سەدەی رابردوودا.

لەلایەن خۆیەوە ناوەندیی رووپێوەی جیۆلۆجی ئەمەریکی ئەوەی خستەڕوو، چەقی بوومەلەرزەکەی مەغریب شاری مەڕاکش بووە و بە قووڵایی 18.5 کیلۆمەتر لەژێر تووێکلی زەویدا روویداوە.