ئۆکرانیا رەخنە لە بەیاننامەی سەرکردەکانی گروپی 20 دەگرێت

K24 – هەولێر:

بەهۆی ئەوەی لە بەیاننامەکەیاندا، بەشێوەیەکی راستەوخۆ ناوی رووسیایان نەهێناوە و سەرکۆنەی جەنگی رووسیایان لە دژی ئۆکرانیا نەکردووە، ئۆلێگ نیکۆلێنکۆ، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا رەخنەی توندی لە بەیاننامەکە گرت و رایگەیاند، بەیاننامەی وڵاتانی گروپی 20 هیچ شتێکی وای تێدانییە شانازی پێوە بکەن، چونکە باس لە دەستدرێژییەکانی رووسیا لە دژی ئۆکرانیا نەکراوە.

ئەمڕۆ یەکەمین رۆژی هەژدەمین لووتکەی وڵاتانی گروپی 20 لە نیودەلهی هيندستان دەستی بەکارەکانی کرد و لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، سەرکۆنەی بەکارهێنانی هێزی بۆ مەبەستی داگیرکردنی خاکی وڵاتان کرا، بەڵام راستەوخۆ ئاماژەی بە ناوی رووسیا و ئۆکرانیا نەداوە.

ئەمڕۆ 18مین لووتکەی وڵاتانی گرووپی 20 بە ئامادەبوونی جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەڕێوەبەری سندووقی دراوی نێودەوڵەتی و چەندین سەرکردەی دیکە لە شاری نیودەلهی هيندستان دەست بەکارەکانی بکات.

لووتکەی گرووپی 20 لە نیودەلهی دوو رۆژ دەخایەنێت و تەوەری سەرەکی لوتکەکەش، پرسی ئاسایشی خۆراک، ئابووری دیجیتاڵی، کشتوکاڵ، شەڕی ئۆکرانیا و وزە دەبێت.

سەرباری سەرکردەکانی گرووپی 20، نۆ سەرکردەی دیکە لەوانەش سەرۆکی ئیمارات و سوڵتانی عومان وەک میوان بەشداری لووتەکەکەن.

بەهەمان شێوەی لووتکەی رابردوو، لە لوتکەی ئەمجارەشدا ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی رووسیا بەشداری نه‌كردووه‌ و لە جێگەی ئەو سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی رووسیا بەشدارە، شی جیپینگ سەرۆکی چینیش بەشداری ناکات و لە جێگەی ئەو لی چیانگی سەرۆکوەزیران بەشداری دەبێت.

میدیای فەرمی تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا بە مەبەستی بەشداریکردن لە لووتکەی گرووپی 20 لە هیندستانە.

گرووپی 20 لە بیست وڵاتی خاوەن بەهێزترین ئابووری جیهان پێکهاتووە و لە ساڵی 1999وە دامەزراوە. دوایین لوتکەی گرووپی 20 ساڵی رابردوو لە دوورگەی بالی ئیندۆنیزیا بەڕێوەچوو.