سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی: هاوخەمی و پشتیوانی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی مەغریب رادەگەیەنین

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بوومەلەرزەکەی بەیانی ئەمڕۆی مەغریبەوە، پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و پشتیوانی گەل و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو وڵاتە راگەیاند لەو دۆخە ناهەموارەی تێیدا تێپەڕدەبن.

رۆژی شەممە (9ـی ئەیوولی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی هاوخەمی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، "بەوپەڕی دڵتەنگییەوە هەواڵی بوومەلەرزەیەکی وێرانکەرمان پێگەیشت کە شانشینی مەغریبی هەژاند کە بووە هۆی زیانی گەورەی گیانی و رووخانی باڵەخانەکان".

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هاوخەمی و پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی خێزانی قوربانییەکان دەکات و پشتیوانی هەرێمی کوردستان بۆ گەل و حکومەتی مەغریب دووپاتدەکاتەوە لەو چرکەساتە سەختەی تێیدا تێپەڕدەبن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (9ـی ئەیوولی 2023) نزیکەی کاتژمێر 02:00 بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.2 پلەی رێختەر ژمارەیەک پارێزگای مەغریبی گرتەوە. بە گوێرەی ناوەندیی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمەریکی، چەقی بوومەلەرزەکە لە شاری مەراکش بووە و لە قووڵایی 18.5 کیلۆمەتر لەژێر تووێکلی زەویدا روویداوە و بەپێی ئامارە فەرمییەکانیش تاوەکو ئێستا هەزار و 37 کەس گیانیان لەدەستداوە.