مەسعود مەلا پەروێز: گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک بە سەربازگە کراون

مەسعود مەلا پەروێز، چاودێری سیاسی
مەسعود مەلا پەروێز، چاودێری سیاسی

K24 – هەولێر:

چاودێرێکی سیاسی، رایگەیاند، بەغدا تا ئێستا بە ئەقڵییەتێکی شۆڤینی مامەڵە لەگەڵ کەرکووک دەکات، جەختی لەوەشکردەوە، کورد هیچ کاتێک دەست لە کوردستانیبوونی کەرکووک هەڵناگرێت، هاوکات دەشڵێت: گەڕەکە کوردییەکانی کەرکووک بە سەربازگە کراون.

مەسعود مەلا پەروێز، چاودێری سیاسی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەکاتی دامەزراندنی حکومەتی عێراق لە 2003 دوای رژێمی بەعس، بەچەند قۆناغێک قیادەی کوردی داوایکرد کێشەی کەرکووک چارەسەربکرێت، بۆیە ماددەی 140 لە دەستووردا چارەسەرێکی بۆ ئەو کێشەیە دانا، بەڵام بەداخەوە بەردەوام دواخرا و بە ئەقڵییەتێکی کۆن و سیاسییانە دواخرا تا گەیشتە ئەمڕۆ، کەرکووک بووەتە سەربازگەیەکی گەورە بە تایبەت گەڕەکە کوردییەکان، هەر گەڕەکێک چەند هامەرێک و تانکێکی لێدانراوە، ئەگەر ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت دۆخێکی زۆر خراپ لە کەرکووک دێتە ئاراوە.

ئەو چاودێرە سیاسییە دەڵێت: ئەم رێگەگرتنەی عەرەبەکان لە گەڕەکە کوردییەکان بۆ ئیستفزازکردنی کوردەکان بوو، ئەوەی ئەوان کردیان خۆپیشاندان نەبوو، بەڵکو لەو رێگەیەوە دەیانویست جارێکی دیکە بەو ئەقڵییەتە کۆنە کەرکووک بەڕێوەببەن و دەستی بەسەردا بگرن.

مەسعود مەلا پەروێز، ئاماژەی بەوەدا، دەبێت کورد لە کەرکووک یەکگرتوو بێت و دەبێت یەک وتاری هاوبەشیان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەرنامەی خۆیان پێشکەش بە نەتەوەکانی دیکە بکەن، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لە کەرکووک ئەو یەک گوتارییە نییە هەر ئەمەش وایکردووە عەرەبەکان ئەو هەلە بقۆزنەوە.

هەروەها ئەوەشی راگەیاند، ئەو فشارەی لە ئێستادا لە کەرکووک هەیە لە سەردەمی بەعسیشدا بوونی نەبووە، لەلایەک زەویوزار داگیردەکەن، لەلایەک هاووڵاتییان شەهید دەکەن، ئازادییەکانیان نەهێشتووە هەمیشە بەغدا بەرامبەر بە کەرکووک ئەقڵیەتێکی شۆڤینی بەکاردەهێنێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە، لەبارەی چارەسییەکان بۆ دۆخی کەرکووک، گوتی: پێویستە کورد، تورکمان و عەرەب بەیەکەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی کەرکووک بدەن، بەمەرجێک ئەو لایەنانە دان بە کوردستانیبوونی کەرکووکدا بنێن.

گوتیشی: دەستێکی دەرەکی و پلانێکی هەرێمی هەیە بۆ ئەوەی ئاگرێک لە کەرکووک بکرێتەوە، بە دڵنیاییەوە ئەو ئاگرە نەک تەنیا بۆ کەرکووک زیانی بۆ عێراقیش دەبێت.

مەسعود مەلا پەروێز، دووپاتیکردەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان تەنیا رێککەوتنی لەسەر ئەوە نەکردووە کە بارگەکانی لە کەرکووک وەربگرێتەوە، بەڵکو رێککەوتنی کردووە لەسەر ئەوەی کە سەرباز، حەشدی شەعبی و دەسەڵاتی سەربازی لە کەرکوودا نەمێنیت.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ئەو رێککەوتنەی پارتی کە لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوویەتی لەسەر دۆخی کەرکووک وەک خۆی جێبەجێ بکرێت ئەوا دۆخی کەرکووک ئاسایی دەبێتەوە و هیچ کێشەیەکی تێدا نامێنێت.

ئەو چاودێرە سیاسییە، جەختی لەوەشکردەوە، کورد هیچ کاتێک دەست لە کوردستانیبوونی کەرکووک هەڵناگرێت.

رۆژی (2ـی ئەیلوولی 2023) ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا بۆ داواکردنی کردنەوەی رێگەی کەرکووک-هەولێر کە بووەتە هۆی وەستاندنی کار و کاسبییان و دروستکردنی ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ.

لە خۆپیشاندانەکەدا، چوار هاووڵاتی کوردی کەرکووک بە ناوەکانی (هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار، سەمەد محەممەد و حوسێن سابیر)، بە تەقەی هێزە ئەمنییەکان شەهید کران و نزیکەی 15 کەسی دیکەش برینداربوون.

ماوەی چەندەین رۆژە، هێزە عێراقییەکان بەشێوەیەکی فراوان لە گەڕەکە کوردنشینەکانی کەرکووک بڵاوەیان پێکراوە و شارەکەیان کردووە بە سەربازگە و ترس و دڵەڕاوکێی زۆریان لای هاووڵاتییانی کوردی ناوچەکە دروستکردووە.

هێزە عێراقییەکان لە کەرکووک لەماوەی رابردوو رەشبگیریان ئەنجامدا و ژمارەیەک لە گەنجی کوردیان دەستگیرکرد بە تۆمەتی بەشداریکردن لە خۆپیشاندان، هەروەها لەو خاڵە پشکینیانەی لە سەر شەقامە گشتییەکان و ناو گەڕەکە کوردنشینەکان دایانناوە، ئاستەنگیان بۆ هاتووچۆی هاووڵاتییان دروستکردووە.