لەبارەی سەربازگەی تۆپزاوەوە داوایەک لە تیمی وەزاری کورد لە حکومەتی عێراق دەکرێت

گوندی تۆپزاوە - کەرکووک / وێنە: ئەرشیف
گوندی تۆپزاوە - کەرکووک / وێنە: ئەرشیف

K24 – کەرکووک:

ژمارەیەک لە چالاکوان و نووسەر و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید، داوا لە نوێنەرانی کورد لە کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق دەکەن، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا، پرسی هەوڵەکانی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق بۆ دووبارە کردنەوەی سەربازگەی تۆپزاوە و جێگیرکردنی سوپا تێیدا، کە ئەو سەربازگەیە زەوییەکانی موڵکی جووتیارانی کوردە و یادەوەرییەکی ناخۆشیشی هەیە بۆ قوربانیانی تاوانی ئەنفال.

رۆژی شەممە (9ـی ئەیلوولی 2023)، نزیکەی 50 چالاکوان، نووسەر و رێکخراو لە بواری جینۆساید، نامەیەکیان ئاراستەی تیمی وەزاری کورد لە حکومەتی عێراق کردووە و تێێدا هاتووە، "وەك دەزانن، سەڕبازگەی تۆبزاوە، هێمای دەڕندەیی رژێمی بەعسی فاشیست بووە و هەر شوێن و جێگەیەکی ئەو سەربازگەیە، چیرۆكێکی تراژیدیای ئەنفال و بەڵگەی ئەو تاوانە دڕەندەیە دەگێڕێتەوە، کە دەرهەق بە گەلی کورد لە تاوانی ئەنفالدا ئەنجامدرا".

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، "ماوەی سێ ساڵە، وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق، چاوی تەماعی بڕیووەتە سەر (سەربازگەی تۆپزاوە) و بێ رەچاوکردنی باری دەروونی کەسوکاری قوربانیانی ئەنفالکراوان، دەیەوێت جارێکی دیکە ئەو شوێنە بکاتەوە سەربازگە و سوپای تێیدا جێگیری بکات، جاری یەکەم لە مانگی 10 ساڵی (2021) و جاری دووەم، ماوەی دوو هەفتەیە ئەم پرسە، لەلایەن سوپای عێراق سەریهەڵداوەتەوە".

ئەو چالاکوان، نووسەر و رێکخراوانەی بواری جینۆساید باسیان لەوەشکردووە، بڕیاری دووبارە بەسەربازگەکردنەوەی (سەربازگەی تۆپزاوە)، وەک بڕیار راگیراوە نەك هەڵوەشێندراوەتەوە، ئەمەش چارەسەری بنەڕەتی نییە و جۆرێکە لە چارەسەری ئازارشکێن، هەروەکو جاری پێشوو لە ساڵی 2021 بڕیارەکە راگیرا و هەڵنەوەشێندرایەوە و دەرئەنجام لەم ماوەدا، جارێکی ئەو پرسە هاتە ئاراوە.

لە بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە، پاساوی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق، ئەوەیە کە زەوییەکانی سەربازگەکە موڵکی وەزارەتی ناوبراون، لە کاتێکدا ئەو زەوییانە موڵکی جووتیارانی کوردن و لە ساڵی هەشتاکان بە بڕیاری (مجلس قيادة الثورة)ـی هەڵوەشاوەی رژێمی بەعس و دوور لە هەموو بنەمایەکی یاسایی، بە زۆر خاوەداریەتی زەوییەکان لە جووتیارانی کورد سەندراونەتەوە و کراون بە موڵکی دەوڵەت و دواتریش سەربازگەکەی لەسەر بنیادنراوە.

هاوکات لە نامەکەدا جەختیان لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، ئەم هەنگاوەی وەزارەتی بەرگری و سوپای عێراق لە دووبارە بە سەربازگەکردنەوەی (سەربازگەی تۆپزاوە)، دوو پێشێلکاریی زەقی یاسایی و کارگێڕی لە خۆدەگرێت، یەکەمیان، پێشێلکردنێکی ئاشکرای بڕیاری ژمارە (30) ساڵی (2012)ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە تایبەت بە پەسەندکردنی پڕۆژە یاسای هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی (مجلس قيادة الثورة) و رەوانەکردنی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، کە بە پەسەندکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمانی عێراق، خاوەنداریەتی زەوییەکانیش بۆ جووتیارانی خاوەن رەسەن دەگەڕێتەوە.

لەبارەی دووەم پێشێلکارییشەوە باسیان لەوەکردووە،  هەوڵەکانی بەسەربازگەکردنەوەی سەربازگەی تۆپزاوە، پێشێلکردنی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراقە لەبارەی دۆسیەی ئەنفال، کە تێیدا بڕیاری قەرەبووکردنەوەی مەعنەوی قوربانیانی دەرکردووە و پاراستنی ئەو سەربازگەیەش لە چوارچێوەی ئەو قەربووە مەعنەوییەدا دێت، كە یادەوەرییەکانی تاوانی ئەنفالی هەڵگرتووە.

چالاکوانان و نووسەران و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان، داوا لە تیمی وەزاریی کورد لە حکومەتی عێراق دەکەن، پرسی سەربازگەی تۆپزاوە لە ناو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بوروژێنن و بڕیاری یەکلاکەرەوەی بۆ دەربکرێت، کە بە هیچ شێوەیەك ئەو شوێنە نەکرێتەوە بە سەربازگە.

هەروەها داواش دەکەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار بدات شوێنی سەربازگەی تۆپزاوە بکرێتە مۆنۆمێنتێکی تایبەت بە تاوانی ئەنفال و قەرەبووی ماددی جووتیارانی خاوەنی رەسەنی زەوییەکانی سەربازگەی تۆپزاوەش بکرێتەوە.