سیروان بابان: داواکردن بۆ رووخانی وڵات نەزانی سیاسییە

سیروان بابان، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان
سیروان بابان، پەرلەمانتاری پێشووی پەرلەمانی کوردستان

K24 – هەولێر:

پەرلەمانتارێکی پێشووی نەوەی نوێ رایگەیاند، هەر بەناو سیاسییەک بەهۆی رەخنەی لە بەڕێوەبردنی وڵاتەوە لەلایەن چەند حزبێکەوە، داوای رووخانی وڵاتەکەی بکات، ئەوا نەزانی سیاسییە و بە خۆفرۆش وەسفیان دەکات.

سیروان بابان، پەرلەمانتاری پێشووی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان کە دواتر وەک پەرلەمانتارێکی سەربەخۆ کاری پەرلەمانی خۆی دەکرد، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بابەتێکی نووسیوە و نموونە بە ئەزموونی داگیرکردنی وڵاتی کوەیت دەهێنێتەوە و دەڵێت، ئەوانەی داوای رووخاندنی وڵاتەکەیان دەکەن وەک ئەو ئەفسەرە کویتییەن کە نامەی بۆ سەدام حوسێن، سەرۆکی لەناوچووی عێراق نووسی تا وڵاتەکەی داگیربکات و ئەو داواکارییەشەی بە نەزانی سیاسیی وەسفکردووە.

سیروان بابان ئاماژەی بەوەکردووە، بەغدا هێواش هێواش قفڵی بێ کلیلی لە زۆربەی جومگەکانی کوردستان داوە و شەڕێكی بەوەکالەتە بۆ ئێرانی دەكات و ناتەبایی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانیشی کردووەتە دەرفەت.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی کوردستان جەختی لەسەر ئەوەشکردووەتەوە، "لەم کاتەدا سەروەریی وڵات لە مانەوەی حزبەکان گرنگتر و پیرۆزترە و رەخنەمان هەرچی بێت لە ئیدارەدانی وڵات كاتی تەنگانە و بوونی پیلانی تێكدەرانە، هیچ نەبێت دەكرێت راستیەكانمان لەبەر چاو بێت".

لەبارەی هەڵوێستی بەغداشەوە، سیروان بابان روونیکردووەتەوە، لە عێراقدا عەقڵییەتێکی خۆبەزلزان هەیە کە پێی وایە لە پێش و دوای هەموو شۆڕشەکان، "خۆیان براگەورەن و نابێت تۆ بەبێ ئەو هەبیت یان پێشبکەویت".

ئەم هەڵوێستەی ئەو پەرلەمانتارە لە کاتێکدایە، کە پێشتر ژمارەیەک لە لایەنی سیاسی و پەرلەمانتارانی پێشووی ئەو لایەنانە، داوای رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیان بە بەغدا دەکرد و ئێستاش کە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی خۆی بەپێی یاسا و رێککەوتنەکان بەرامبەر بەغدا ئەنجامداوە و حکومەتی عێراقیش تاوەکو ئێستا پشکی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی فیدراڵی رەوانەی هەرێمی کوردستان نەکردووە، بەڵام ئەو لایەن و پەرلەمانتارانە بێدەنگ بوون و بەرگری لە قوت و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ناکەن.

هاوکات بەهۆی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، لەماوەی رابردوو هەندێک لایەن و کەس گرفتەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکەنە دەرفەتێک بۆ بانگەشەکردن بۆ لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان، لە بەرامبەردا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر هەموو هەوڵەکانی دەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و بەرگری کردن لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان.

هەروەها مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی لە (7ـی ئەیلوولی 2023) جەختی لە یەکهەڵوێستی و یەکڕیزی کردووەتەوە و رایگەیاندووە، "ئەم بارودۆخە خەمخۆریی پێویستە بۆ پاراستنی یەك پارچەیی قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان كە بە خوێن و خەبات  بەدەست هاتوون".