سەیفەدین محێدین: نەبوونی ئاوی خاوێن دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا

سەیفەدین محێدین، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان
سەیفەدین محێدین، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان

K24 – هەولێر:

بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان، رایدەگەیەنێت، نەخۆشی کۆلێرا نەخۆشییەکی مەترسیدار نییە و رێژەی مردن بەو نەخۆشییە کەمە، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، نەبوونی ئاوی خاوێن دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە.

سەیفەدین محێدین، بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، رایگەیاند، هاووڵاتییان لە رێگەی خواردنەوەی ئاوی پیس تووشی نەخۆشییەکە دەبن، هەروەها لە رێگەی خواردنی سەوزەواتیش کە بە ئاوی پیس ئاودراوە یاخود جوان ناشورێتەوە تووشی نەخۆشییەکە دەبن.

بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان، ئەوەشی راگەیاند، نەخۆشییەکە مەترسیدار نییە و تا ئێستا حاڵەتی گیانلەدەستان تۆمارنەکراوە، بەڵام ئەوانەی کە بە تەمەنن ئەو نەخۆشییە دەبێتە مەترسی بۆیان بەهۆی ئەوەی تووشی لەکارخستنی گورچیلەکانیان دەکات.

هاوکات ئاماژەی بەوەدا، نەبوونی پاکوخاوێنی و هۆشیاری تەندروستی دەبێتە هۆی مەترسی گواستنەوەی نەخۆشییەکە، هەروەها هۆکاری لە دەرەوە نانخواردنیش دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشییەکە.

سەیفەدین محێدین، دەڵێت: هۆکارێکی دیکەی گواستنەوەی نەخۆشییەکە تانکەری ئاوە، بە تایبەت ئەو ئاوانەی کە کەس نازانێت لە کامە سەرچاوە هێنراوە، هەروەها ئاوی شوێنە گەشتیارییەکانیش مەترسین، بە تایبەت رووبارەکان چونکە ئاوی ئاوەڕۆکان تێکەڵی دەبێت.

بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان، روونیکردەوە، زۆرینەی حاڵەتەکانی نەخۆشی کۆلێرا بێ نیشانەن، کەسی تووشبوو لەوانەیە پێی نەزانێت و لەو کاتەیە دەبێتە هەڵگر دەبێتە هۆی تووشکردنی کەسانی دیکە. ناوبراو داواکاریشە، هەرکەسێک تووشی سکچوون بوو پێویستە راستەوخۆ سەردانی پزیشک بکات، یاخود لەکاتی تووشبوون بە نەخۆشییە لاوەکییەکان پێویستی پشکنین بۆ نەخۆشەکە بکرێت.

سەیفەدین محێدین، گوتی: نیشانەکانی نەخۆشییەکە دەبێتە هۆی سکچوون و رشانەوە، هەروەها گرنگترین چارەسەریش بۆ نەخۆشەکە، پێدانی مغەزییە بۆ نەخۆشەکە، چونکە ئەو خوێ و ئاوەی لە دەستی داوە لە رێگەی ئەو مغەزییەوە بۆی دەگەڕێتەوە.

بەرپرسی نەخۆشییە گوازراوەکان، هۆشداریشیدا لەوەی ئەگەر هاووڵاتییان دڵنیا نەبن لە ئاوێک با نەیخۆنەوە، یانیش با ئاوەکە بکوڵێنن ئینجا بیخۆنەوە، یاخود حەبی کلۆری تێبکەن.

رۆژی (7ـی ئەیلوولی 2023)، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی رایگەیاند، نەخۆشی کۆلێرا لەو ناوچەیەی ئێمە کە بە ئیندیمیک دەناسرێت واتە (ناوچەیەکە هەڵگری ڤایرۆسی کۆلێرایە)، ئەمەش پەیوەندی بە چەندین کێشە و گرفت هەیە، کە دەرئەنجامەکەی بۆلایەنی تەندروستی دێت تاوەکو چارەسەر بکرێت.

گوتیشی: کۆلێرا دەرئەنجامە هۆکار نییە، دەرئەنجامی چەند گرفتێکە، کە ئەم گرفتانە لە ژێرخانی ئاوەڕۆکان و سەرچاوەی ئاوی پاک و خواردنەوە لە گەڕەکەکان و شوێنەکاندا هەیە، وەزارەتی تەندروستیش هەموو ساڵێک لەمانگی شەشەوە ئامادەکاری بۆ حاڵەتەکانی سکچوون دەکات، هەروەها کۆمەڵێک رێکاریش دەگرێتە بەر.

ئاماژەی بەوەشکرد: لە ئێستادا 117 حاڵەتی پشتراستکراوەی کۆلێرا هەیە، کە دەستنیشان کراوە لە لایەن تاقیگەکانی تەندروستی سلێمانی و هەولێر، هەروەها دڵنیابوونەوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و رێکخراوی تەندروستی جیهانی، دەشڵێت، کولێرا پێشبینکراو بوو، ماناشی ئەوەنییە تەنها ئەو 117 حالەتی تووشبووە لەم شارەدا هەیە، بەڵکو ژمارەییەکی زیاتر تووشبوو هەیە،  چونکە بەپێی ستانداردە جیهانییەکان، حاڵەتەکانی سکچوون لە 10%  تاوەکو 20%، لەرووی پەتای زیانییەوە بۆ تاقیگەکان وەردەگیرێت، هەروەها هەندێکجاریش حاڵەتی کۆلێرا هەڵگری ئەو بەکتریایە و هیچ نیشانەشی نیە.