G20 رووسیا وەک هێرشکار ناناسێنێت

K24 - هەولێر

لە راگەیەندراوی 18مین لوتکەی G20، رووسیا وەک هێرشکار ناونەبراوە.

دوای تەواوبوونی کارەکانی یەکەم رۆژی هەژدەیەم لوتکەی جی20 لە نیودەلهی پایتەختی هندستان، لوتەکەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێیدا رووسیای وەک هێرشکار و دەستدرێژیکار نەناساندووە.

لە راگەیەندراوی لوتکەی جی20دا هاتووە، دژی بەکارهێنانی چەکی کیمیای دەوەستنەوە و رێگری لە بەکارهێنانی دەکەن، داوای جێبەجێکردنی سەرجەم رێککەوتنەکانی تایبەت بە گواستنەوەی دانەوێڵە و سەماد لە رووسیا و ئۆکرانیاوە دەکەن.

گرووپی جی20 جەخت لەوەدەکاتەوە، پابەندن بە رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانەکانی کەشوهەوا و ئەو قەیرانانەی لە دوورمەودا دا کاریگەرییان لەسەر جیهان هەیە، داواش دەکەن چاکسازی لە کەرتی بازرگانی جیهانیدا بکرێت.

دوێنێ 9/9/2023، هەژدەمین لوتکەی G20 لە نیودەلهی پایتەختی هندستان دەستی بەکارەکانی کرد و دوو رۆژ دەخایەنێت، لە لوتکەکەدا پرسی ئاسایشی خۆراک، ئابووری دیجیتاڵی، کشتوکاڵ، شەڕی ئۆکرانیا و وزە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

گرووپی 20 لە بیست وڵاتی خاوەن بەهێزترین ئابووری جیهان پێکهاتووە و لە ساڵی 1999وە دامەزراوە. دوایین لوتکەی گرووپی 20 ساڵ رابردوو لە دوورگەی بالی ئیندۆنیزیا بەڕێوەچوو.