خۆکوشتن لە ئەمەریکا بە رێژەیەکی بەرچاو زیادیکردووە

رێژەی خۆکوشتن لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی لەسەدا 2.6 زیادیکردووە
رێژەی خۆکوشتن لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021 بە رێژەی لەسەدا 2.6 زیادیکردووە

K24 - هەولێر

رێژەی خۆکوشتن لە ئەمەریکا تا دێت زیاد دەبێت. بە گوێرەی ئامارێکی ناوەندیی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، کە ناوەندێکی ئەمەریکییە، رێژەی خۆکوشتن لەو وڵاتە لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2021، لە سەدا 2.6 زیادیکردووە.

خۆکوشتن یەکێکە لەو کێشانەی بەرۆکی زۆرێک لە وڵاتانی جیهان بە گشتی و ئەمەریکای بە تایبەتی گرتووەتەوە و هەمووان بەدوای چارەسەرێک بۆ ئەم پرسە، بەتایبەت لە نێو گەنجاندا دەگەڕێن.

بە گوێرەی ئامارە بڵاوکراوەکانی ناوەندیی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان، رێژەی خۆ کوشتن لە ئەمەریکا، لە ساڵی 2021 بۆ 2022 لەسەدا 2.6 زیادیکردووە و یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی گیانلەدەستدان. بە جۆرێک، تەنیا لە ساڵی 2021، 48 هەزار و 183 کەس لە ئەمەریکا خۆیان کوشتووە.

ئامارەکانی ناوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشیەکان ئاشکرای دەکەن، تەنیا لە ساڵی 2022، 49 هەزار و 449 کەس لە ئەمەریکا کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.

لەم رێژەیەش، 36 هەزار و 681ـیان سپی پێست بوون و ئەوانی دیکەش رەش پێست و لە رەچەڵەکەکانی دیکە بوونە. لەگەڵ ئەوەشدا، 39 هەزار و 255ـیان لە رەگەزی نێر و 10 هەزار و 194ـیشیان لە رەگەزی مێ بوونە.

بە گوێرەی ئامارەکانی ئەو ناوەندەیە ئەمەریکییە، 16 هەزار و 843 لەو کەسانەی کۆتاییان بە ژیانیان هێناوە تەمەنیان لە نێوان 25 بۆ 44 ساڵ بووە؛ 15 هەزار و 632 کەس لە نێوان 45 بۆ 64 ساڵی؛ 10 هەزار و 433 کەس سەرووی 65 ساڵی و شەش هەزار و 529 کەسیش تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 24 ساڵی بووە.

سەبارەت بە رێگاکانی خۆکوشتن، ناوەندی کۆنترۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکان ئەوەی پیشانداوە، لەسەدا 55ـی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لە رێگەی چەک، لەسەدا 26 لە رێگەی خۆ خنکاندن، لەسەدا 12 بەهۆی ژەهرخواردن و لەسەدا هەشتیش بە رێگەی دیکە بووە.