سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق هەڵوەشایەوە

ئەردۆ‌غان سەرۆککۆماری تورکیا
ئەردۆ‌غان سەرۆککۆماری تورکیا

K24 - هەولێر

هەرچەندە بەرپرسانی حکومەتی عێراق رەتیانکردەوە سەردانەکەی داهاتووی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا هەڵوەشابێتەوە، بەڵام دووپاتیان کردەوە، کە تا ئێستا وادەی هاتنی دیاری نەکراوە، سەرەڕای ئەوەی چەند جارێک دواخراوە.

بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی بە شەرقولئەوسەتیان راگەیاندووە، سەردانەکەی ئەردۆغان هیچ ئەگەرێکی نیە، ئەمەش بەهۆی رێکنەکەوتنی هەردوولا لەسەر چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پەیوەست بە هەناردەکردنی نەوت و کێشەکانی ئاو و ئەمنی.

ئەو گفتوگۆیانەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، لە مانگی رابردوو لە بەغدا ئەنجامیدا، بڕیار بوو رێگە خۆشکەربێت بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان، بەڵام سەرچاوەکان رایانگەیاند، هاکان کە گەڕاوەتەوە هانی ئەردۆغانی نەداوە سەردانی بەغدا بکات، دەشڵێن: رەنگە، تورکەکان هەستیان بەوە کردبێت کە سەردانەکە پێویستی بە مەرج هەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت، ئەوەش لە ئێستادا بەردەست نییە.

بە گوتەی نوێنەرانی پەرلەمانی عێراق، "پەیامە ناڕاستەوخۆکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە پەرەسەندنی ناکۆکی نێوان حکومەتەکانی هەولێر،و بەغدا لەسەر بودجە و مووچە و هەناردەکردنی نەوت، کەشوهەوای سیاسی بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان دابین ناکات".

بەرپرسێکی باڵای عێراق بەهەمان سەرچاوەی گوت: بەغدا بەردەوامە لە ئامادەکارییەکان بۆ سەردانەکەی ئەردۆغان، کە گەشتێکی ناوچەیی ئەنجام دەدات لەنێویشیان عێراقی تێدایە.

سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن، تا ئێستا ناکۆکی لەسەر پرسی هەناردەکردنی نەوت لەگەڵ تورکیا یەکلایی نەبووەتەوە، بەهۆی رێکنەکەوتن لەسەر دەستبەرداربوونی عێراق لە داوای یاسایی لەبەردەم دادگای نێودەوڵەتی، کە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگرت.

​ له‌ 25ی ئاداری رابردووه‌وه‌ تا ئێستا هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌ رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا وه‌ستاوه‌، به‌ گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، دوای رێککەوتن و رادەستکردنی نەوتی هەرێم بە سۆمۆ، تاوەکو ئێستا بەغدا پابەندی رێککەوتنەکان و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان نەبووە.