د. مەعاف عەبدوڵڵا: کابینەی نۆیەم بایەخێکی زۆری بە کەرتی تەندروستی داوە

د. مەعاف عەبدوڵڵا
د. مەعاف عەبدوڵڵا

K24 - هەولێر:

د. مەعاف عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، لە کابینەی نۆیەمدا بایەخێکی زۆر بە کەرتی تەندروستی دراوە و خزمەگوزارییەکی باش پێشکەش بە هاووڵاتییان کراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرەڕای ئەوەی حکومەتی عێراق بەرپرسیارێتییەکانی بەپێی پێویست جێبەجێ نەکردووە، کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کەرتی تەندروستیدا خزمەتگوزارییەکی باشی پێشکەشی هاووڵاتییان و پەنابەرانی هەرێمی کوردستان کردووە.

وەک د. مەعاف عەبدوڵڵا ئاماژەی پێدا، 86 نەخۆشخانەی گشتی و 31 ناوەندی تەندروستی تایبەتمەند و 1056 بنکەی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، گوتیشی: لەو شوێنانە، هەموو جۆرە خزمەتگوزارییەک پێشکەشی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پانەبەر و ئاوارەکان دەکرێت.

بە گوێرەی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، مانگانە زیاتر لە 23 ملیار دینار بۆ کەرتی تەندروستی خەرج دەکرێت، لەمبارەیەشەوە د. مەعاف عەبدوڵڵا ئەوەی خستەڕوو، لەو بڕە پارەیە مانگانە حەوت ملیار دینار تەنیا بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستی پزیشکی خەرج دەکرێت، هەروەها ملیارێک و 600 هەزار دینار بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێرپەنجە خەرج دەکرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی گوتیشی: حکومەتی عێراق دەبوو دەرمان و پێداویستی پزیشکی بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە دەزانێت، سەدان ئاوەرەی پارێزگا عێراقییەکان لە هەرێمی کوردستان دەژین.

سەبارەت بە دامەزراندنی کارمەندانی تەندروستی، د. مەعاف عەبدوڵڵا ئاشکرایکرد، لە 2014ـەوە دامەزراندن بەشێوەیەکی گشتی نەماوە، بەڵام بۆ هەندێك شوێنی وەک، سەنتەری هەناسە لە سلێمانی، نەخۆشخانەیەک لە بەحرکە و نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە دهۆک، بە بڕیاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بۆ هەریەکێکیان 100 کەس دادەمەزرێن.