شوان کەلاری: تێڕوانینی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجی راستەقینە فاکتەری سەرەکی کێشەکانە

K24 – هەولێر

شوان کەلاری، پەرلەمانتاری عێراق لە فراکسیۆنی پارتی رایدەگەیەنێت، تێڕوانینی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ خەرجی راستەقینە فاکتەری سەرەکی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدایە.

شوان کەلاری، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "لە کۆبوونەوەکانی دوێنێی سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، فراکسیۆنە کوردستانییەکان، هەروەها کۆبوونەوەی شەوی رابردووی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، قسەی زۆر جیدی لەبارەی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراق و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دۆخی ئێستای کەرکووک کراوە، لە ئایندەدا هەنگاوەکان بە کردەیی دەستپێدەکات".

گوتیشی: "ستافی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی تایبەتن بە داتاکان دێنە پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەوەی وردەکاری تەواو لەبارەی ژمارەکان بخەنەڕوو، هەروەها لەلایەن پەرلەمانتاران پرسیاریان ئاراستە دەکرێت".

سەبارەت بە دۆخی عێراق و ئاڵۆزییەکانی کەرکووک، شوان کەلاری ئاماژەی بەوەدا: "لەنێو شیعەکاندا کێشەی گەورە هەیە، رەنگە دەستوەردانی دەرەکیش هەبێت، بۆ ئەوەی خاڵێکی هاوبەش بدۆزنەوە تا کێشەکانیان وەلابنێن دێن لە کورد و کوردستان دەئاڵێن و لە کەرکووک کێشە دروست دەکەن بۆ کپ کردنی کێشەکانی خۆیان، لە خەیاڵدانی ئەوان فشارکردن لە کورد و کوردستان بە دەستکەوت دەزانن".

راشیگەیاند: "بەشێک لە بەرپرسانی بەغدا پەشیمان بوونەوەیان لە بەڵێنەکانیان و ناڕاستی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بە عەیبە نازانن، بەڵکو بە سەرکەوتنی دەزانن، بەپێی یاسا و دەستوور مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هیچ جیاوازییەکیان لەگەڵ مووچەخۆرانی پارێزگاکان، کەچی لە بەغداوە پلان دادەنرێت بۆ نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، لە راستیدا ئێمە کێشەمان لەگەڵ عەقڵیەتی بەشێک لە کەسانی ناو کابینەکەی سوودانی هەیە".

جەختیشیکردەوە: "ئێمە نابێ بێئومێدبین لە گفتوگۆ و دانوستان، کۆڵ نادەین بۆ بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، بە گشتی کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت خاڵی باشی تێدابوو، لە راستیدا کێشە لە تێڕوانینی وەزارەتی دارایی عێراق هەیە و فاکتەری کێشەکانە، ئەوان لە بابەتی خەرجی راستەقینە کێشەیان هەیە، بەڵام لە هیچ شوێنێکی دونیادا نییە بودجە لەسەر خەرجی راستەقینە خەرج بکرێت، جیاوازیمان زۆر نییە ئەگەر لەلای ئەوان ئیرادە هەبێت دەتوانین لەسەر بنەمای رێککەوتنەکان کێشەکان چارەسەر بکەین".