فەرەنسا: ئەگەر مەغریب داوای هاوکاری بکات ئێمە ئامادەین

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند، ئێمە ئامادەین هاوکاری وڵاتی مەغریب بکەین، کە بەهۆی بومەلەرزەکەی دوێنێ وێران بووە.

 ئان کلێر لۆگاندەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا بەکەناڵی "بی ئێف ئێم"ـی رایگەیاند، دوای روودانی بومەلەرزە بەهێزەکەی مەغریب، ئێمە ئامادەی هاوکاریکردنی مەغریبین، گوتیشی، "چاوەڕوانی داوای فەرمی مەغریب دەکەین".

لۆگاندەر ئاماژەی بەوەشکرد، باڵیۆزخانەکەمان لە مەغریب لە ئامادە باشیدایە، کارەکان لە ژێر کۆنترۆڵی دەسەڵاتدارانی مەغریبدایە، هه ڵسەنگاندنێک بۆ دۆخەکە دەکرێت، دەشڵێت: "لەم قۆناغەدا مەغریب داوای یارمەتی نەکردووە".

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا، لە ریزی ئەو سەرکردانەی جیهاندا دێت کە هاوکاریکردنی خۆیان بۆ مەغریب راگەیاند.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا، دووپاتی کردەوە، کە لە بومەلەرزەکەی مەغریبدا، فەرەنسییەک گیانی لەدەستداوە و هەشتی دیکەش بریندارن.