کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان تیروپشک بۆ ژمارەی کاندیدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکات

هەڵبژاردن لە عێراق - وێنە: ئەرشیف
هەڵبژاردن لە عێراق - وێنە: ئەرشیف

K24 – هەولێر:

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وادەی ئەنجامدانی تیروپشک بۆ دیاریکردنی ژمارەی کاندیدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ئاشکرا دەکات و رایگەیاند، پرۆسەکە بەشێوەیەکی ئاشکرا بەڕێوەدەچێت.

رۆژی یەکشەممە (10ـی ئەیلوولی 2023) جومانە غەلای، گوتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق رایگەیاند، رۆژی چوارشەممەی داهاتوو (13ـی ئەیلوولی 2023) پرۆسەی تیروپشکی ژمارەی کاندیدەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان بە ئامادەبوونی كاندەیدەكان و نوێنەری پارت و ھاوپەیمانیەتییەكان بەڕێوەدەچێت.

گوتەبێژی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان ئاماژەی بەوەشکرد، دەستەی کۆمیسیاران زۆرێک لە پەیڕەو و رێکارەکانی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن پەسەندکردووە، لەوانەش، پەیڕەو و رێکارەکانی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، تۆمارکردنی پارت و هاوپەیمانی و کاندیدەکان، سیستەمی بانگەشەی هەڵبژاردن و سیستەمی سکاڵا و تانەدان.

جومانە غەلای دووپاتیشیكردەوە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لەوادەی دیاریكراوی خۆیدا لە 18ـی كانوونی یەكەمی ئەمساڵدا بەڕێودەچێت و لە ئامادەکارییەکانیش بەردەوام دەبن.

هاوکات بەپێی لێدوانێکی سەرۆکی فەرمانگەی هەڵبژاردنی کۆمیسیۆن لەمیانی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە (10ـی ئەیلوولی 2023)، رێژەی 90% کارەکان بەپێی ئەو خشتەیەی دیاریکراوە بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تەواوبووە.

وابڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکای عێراق (بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەدەچێت بە بەشداریی، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

بەگوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق 296 پارتی سیاسیی مۆڵەت پێدراو بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن، جگە لە هەرێمی کوردستان، لەو ژمارەیەشدا 198 پارتی سیاسی بەشدارن لە پێکهێنانی 50 هاوپەیمانی و 98 پارتی سیاسییش بەشێوەی سەربەخۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکە دەکەن، هەروەها ژمارەیەک پارتی سیاسی دیکەش کارەکانی تۆمارکردنیان تەواونەبووە.

ژمارەی هاوپەیمانییەکانیش لەسەر ئاستی پارێزگاکان، زۆرترین هاوپەیمانی لە بەغدایە (18 هاوپه‌یمانی)، دوای ئەویش پارێزگای ئەنبار دێت بە (17 هاوپەیمانی) و پارێزگاکانی بەسرە، نەینەوا و کەرکووکیش لە پلەی سێیەم دێن بە (16 هاوپەیمانی) بۆ هەر یەکێکیان.

لە پارێزگای واست (15 هاوپه‌یمانی) پێکهاتووە و لە بابل، کەربەلا و مووسەننا (14 هاوپەیمانی بۆ هەر یەکێکیان پێکهاتووە و لە زیقار و دیوانییە (13 هاوپەیمانی) بۆ هەر پارێزگایەکیان و لە نەجەف و دیالە (11 هاوپه‌یمانی) بۆ هەر یەکێکیان و لە پارێزگاکانی میسان و سەڵاحەددینیش (10 هاوپەیمانی) بۆ هەر پارێزگایەک پێکهاتووە کە کێبڕکێ دەکەن بۆ کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورست و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.