فازڵ حاجی: بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانە بەڵام هەندێک میدیا پێچەوانەکەیان گەیاند

کامێرایەکی هاتووچۆ لە شەقامی 120 مەتری هەولێر
کامێرایەکی هاتووچۆ لە شەقامی 120 مەتری هەولێر

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ لێخۆشبوون بە رێژەی 20% لە سزاکانی سەرپێچی هاتووچۆ بۆ ماوەی شەش مانگ، بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانە بەڵام هەندێک لە میدیا و پەیجەکانی سۆشیال میدیا زانیارییەکانیان بە دروستی بۆ هاووڵاتییان نەگواستووەتەوە.

رۆژی یەکشەممە (10ـی ئەیلوولی 2023) وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، هەر هاووڵاتییەک سزاکانی هاتووچۆی لەسەر بێت تا (28ـی شوباتی 2024) تەنیا 80%ـی سزاکە پاکتاو دەکات و حکومەتی هەرێمی کوردستان لێخۆشبوون لە 20%ـی سزاکەی بۆ دەکات.

لەلایەن خۆیەوە، فازڵ حاجی، گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیارەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ هاوکاریکردنی هاووڵاتییانە، بەڵام ئەوەی هەندێک دەزگای راگەیاندن لە سۆشیال میدیاکانیان بڵاویانکردووەتەوە، وەک ئەوەیە کە وەزارەتی ناوخۆی سزای هاووڵاتییان بدات، کە ئەمە پێچەوانەیە و دوورە لە راستی.

فازڵ حاجی گوتیشی، لەو دۆخە ئابوورییەی ئێستا هەیە، ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆ، هاوکارییەکی باشە بۆ هاووڵاتییان لە رووی داراییەوە و هاندانێکیشە بۆ ئەوەی شۆفێران قەرزەکانیان پاکتاوبکەن و زیاتر پابەندی رێنماییەکانی هاوتووچۆ بن و دووەبن لە سزای پێبژاردن بەهۆی سەرپێچییەکانی هاتووچۆوە.

دوای بڵاوبوونەوەی فەرمانەکەی وەزارەتی ناوخۆ بۆ لێخۆشبوون لە رێژەی 20%ـی سزاکانی سەرپێچی هاتووچۆ لە شۆفێران بۆ ماوەی شەش مانگ، بەشێک لە میدیا و پەیجەکانی سۆشیال میدیا بەبێ ئاماژەکردن بە بڕگەی لێخۆشبوونەکە، 'بەناوی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە' ئاماژەیان بەوەکردووە، "ئەگەر لە ماوەی یەک مانگدا قەرزی سزاکانی هاتووچۆ نەدەنەوە، پارەکەی دەبێتە دوو هێندە"، ئەمەش لەلایەن گوتەبێژی هاتووچۆی هەولێر رەتکرایەوە و رایگەیاند، "روونکردنەوەکەی وەزارەتی ناوخۆ بە زمانی کوردی نووسراوە، تکایە وەک خۆی بڵاوی بکەنەوە".

هاوکات وەزارەتی ناوخۆ لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاندووە، لە دوای تێپەڕبوونی ئەو شەش مانگەی لە فەرمانەکەیاندا ئاماژەی پێکراوە (واتە لە رۆژی 29ـی شوباتی 2024ـەوە)، بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان کار بە بڕگەی (3) لە بەشی (20) لە یاسای هاتووچۆ ژمارە (86)ـی ساڵی 2004 دەکەن کە باس لەوە دەکات، سزای سەرپێچی هاتووچۆ پێویستە لە ماوەی (30) رۆژ لە ئەنجامدانی سەرپێچییەکە بدرێت، بە پێچەوانەوە سزاکە دەبێتە دوو بەرامبەر.

هەروەها وەزارەتی ناوخۆ جەختی لەسەر ئەوەش کردووەتەوە، ئامانجی سزای سەرپێچی بۆ رێگریکردنە لە ئەنجامدانی سەرپێچی نەک بۆ سزادانی خەڵک، کاتێک شوفێر تا مۆڵەتەکەی نوێ دەکاتەوە یان ئۆتۆمبێلەکەی دەفرۆشێت، سزاکانی پاکتاو ناکات، سزاکەی کاریگەری نابێت و نابێتە رێگر لە دووبارە نەبوونەوە. بۆیە چەندین شوفێر کەوتونەتە ژێر قەرزی گەورەی سزاکانی هاتووچۆ و بە ئاسانی ناتوانن پاکتاوی بکەن.

لەگەڵ ئەوەشدا، هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، " لە ئێستاوە تا شەش مانگی دیکە ئەپڵیکەیشنێکی تایبەت دەکەوێتە کار، کە هەر شوفێرێک دەتوانێت حسابی ئۆتۆمبێلی خۆی لەسەر هەبێت و لە ئەگەری هەر جۆرە سزایەکدا، نامەی بۆ دێت و ئاگادار دەکرێتەوە".

هێمن میرانی روونیکردەووەتەوە، "ئەگەر شوفێر نامەی بۆ هات کە بە بڕی 40 هەزار غەرامە کراوە و ئەم مانگە غەرامەکەی پاکتاو کرد، بێ هیچ گومانێک خۆی دەپارێزێ لە مانگی داهاتوو ئەو زیانە داراییە نەکات، ئەگەر ناچار کرا سزاکە بدات نەبادە دەبێتە دوو بەرامبەر، زیاتر ئاگاداری خۆی دەبێت و سەرپێچی ناکات".