ئەردۆغان: دەبێ خۆمان لە ھەموو ھەنگاوێک بەدوور بگرین کە ئارامی تێکدەدات

K24 – هەولێر
سەرۆککۆماری تورکیا رایدەگەیەنێت: دەبێ خۆمان لە ھەموو ھەنگاوێک بەدوور بگرین کە ئارامی تێکدەدات و گرژییەکان زیاتر دەکات.
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆککۆماری تورکیا، لە پەراوێزی لوتکەیG20 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تورکیا ھەنگاوی گرنگی لە بواری وەبەرھێنانی وزەی نوێبووەوە، ئەتۆمی و ھایدرۆجین ناوە. گوتیشی: "تورکیا باوەڕی بە تواناکان بۆ دامەزراندنی جیھانێکی دادپەروەرتر ھەیە، ئێمەیش یەکەم وڵاتی جیھانین کە ھاوکاری پێشکەش دەکەین بەراورد بە داھاتی نیشتمانی".
سەرۆککۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بە بەردەوامبوونی پڕۆسەی ھەناردەکردنی دانەوێڵە لە ئۆکراینا گوتی: "بەردەوامبوونی بارکردنی دانەوێڵە لە ژێر رۆشنایی دوورخستنەوەی رووسیا، ئەگەرێکی زۆر لاوازە".
راشیگەیاند: "ئێمە باوەڕمان بەوە ھەیە کە دەبێت خۆمان لە ھەموو ھەنگاوێک بەدوور بگرین کە ئارامی تێکدەدات و گرژییەکانی دەریای رەش زیاتر دەکات".
ئەردۆغان، سەبارەت بە سووتاندنی قورئانی پیرۆز، گوتی: "سووتاندنی قورئانی پیرۆز لەژێر پاسەوانی پۆلیسدا، ئیستفزازییەکی روون و تاوانی رق و کینەیە، کەس ناتوانێت چاوەڕێی ئەوەمان لێ بکات کە لەم بابەتەدا بێدەنگ بین، لەو وڵاتانەی دیاردەی دژبە ئیسلام تیایاندا روو لە زیادبوونە، پێویستە سیاسەتی یەکلاکەرەوەتر بگیرێتەبەر بۆ پاراستنی ئایندەی ھاوبەشی مرۆڤایەتی".